کاتێک “ئەقڵ” دەچێتە مۆڵەت!
نووسين: محمد شنگالی
وەک هەمیشە، مێگەلی کامێرا و پەیامنێرانی کەناڵەکان، بە تامەزرۆییەوە لە دەوری یەک کاتژمێر کۆببوونەوە؛ چاوەکان هەموو لەسەر دەرگایەک بوون کە چاوەڕوان دەکرا فازڵ میرانی لێوە دەربچێت. ئەو پیاوەی کە زمانەکەی تەنیا وشە نییە، بەڵکوو نەخشەیەکە بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشە ئاڵۆزەکان. کاتێک لێیان پرسی: “بارودۆخی ئێستا چۆن دەبینیت؟”، ئەو بەو هێمنی و فەساحەتە ناسراوەی خۆی، تەنیا دوو وشەی فڕێدایە نێو کایەکەوە، کە بۆ هەندێک وەک گاڵتەجاڕی و بۆ ژیرەکانیش وەک تانەو تەشەرێکی قووڵ دەنگی دایەوە: “ئەقڵ لە ئیجازەیە!”
بەڵێ جەنابی میرانی، سوێند بە ڕاستی، پەنجەت خستە سەر برینە گەورەکە. ئەقڵ نەک هەر لە مۆڵەتدایە، بەڵکوو لە کۆمایەکی قووڵدایە.
کێ دەڵێت ئەقڵ کار دەکات؟
کاتێک “ئەقڵ” دەچێتە مۆڵەت، مەنتیق دەبێتە قوربانی و سۆزی کاتی جێگەی دەگرێتەوە. ئاخر کام ئەقڵ قبووڵی دەکات کە مرۆڤ ڕێگە بدات “بێگانە” ببێتە ناوبژیوان لەنێوان خۆی و براکەیدا؟ چ کارەساتێکە کاتێک دەبینین ئەمڕۆ، لە جیاتی ئەوەی باوەش بۆ یەکتری بکەینەوە، پەنا بۆ دوژمن دەبەین تا لە براکەمانمان بکات! ئەمە نیشانەی پەککەوتنی ئەو ئەقڵەیە کە ڕۆژانێک شکۆمان بوو.
سەردەمی شکۆ و سەردەمی غەریبی..
دوێنێیەکمان هەبوو، کە تەنیا بە “نووکی پێنوسێک” و بە یەکگرتووییەکی پۆڵایین، سەرۆکی حکومەتەکانمان لە بەغدا دەگۆڕی. ئێمە سەردەمانێک “دروستکەری بڕیار” بووین نەک “تەماشاکار”. کەچی ئەمڕۆ، بەهۆی پەرتەوازەیی و چوونە مۆڵەتی ئەقڵی سیاسی، بەدوای چارەکە مافێکدا ڕادەکەین و هەناسەبڕکێمانە! جیاوازییەکە تەنیا لە یەک وشەدایە: تەبایی. مێژوو و ئێستا و داهاتوو، هەرگیز ناتوانن ئەو پیاوانە بشکێنن کە دەستیان لەنێو دەستی یەکدایە.
لەبیرچوونەوەی برینەکان
ئەقڵ کاتێک دەچێتە مۆڵەت، کە مرۆڤ یادەوەرییەکانی خۆی لەدەست بدات. چۆن توانیمان ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەڵەبجەی خەڵتانی خوێن فەرامۆش بکەین؟ چۆن ڕازی بووین شکۆی نەتەوەیی بە دەستکەوتی بچووک و کاتی بگۆڕینەوە؟ ئەگەر یەکگرتوو بووینایە، پێویست نەبوو بپاڕێینەوە؛ بەڵکوو بە کەرامەتەوە هەموو شتێکمان دەستدەخست.
من هەمیشە سەرسامی ئەو زیرەکی و هێمنییەی جەنابی فازڵ میرانی بووم؛ چ بە زمانی کوردی و چ بە عەرەبی بدوێت، دەزانێت کەی و لە کوێ و چۆن وشەکان وەک تیر بهاوێژێت. بەڵام ئەمجارەیان، بە دەربڕینی “ئەقڵ لە مۆڵەتدایە”، تابلۆیەکی کێشا کە هەموو ڕاستییە تاڵەکانی تێدا کورت کردەوە.
بەڵێ… کاتێک ئەقڵ دەچێتە مۆڵەت، غەریبە دەبێتە خاوەنماڵ و براش دەبێتە نەیار. هیوادارین ئەم مۆڵەتە کۆتایی بێت، پێش ئەوەی مێژوو مۆڵەتمان پێ بدات و لە لاپەڕەکانیدا بمانسڕێتەوە.









