لە زانکۆی تکریت گفتوگۆی تێزێکی دکتۆرای تایبەت بە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی 5ی 2026، شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگا، لە زانکۆی تکریت، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی گفتوگۆی تێزێکی دکتۆرا کرد، کە تایبەت بوو بە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام.
تێزی دکتۆراکە، لەلایەن قوتابی (سەڵاحەدین تەها موحسین) پێشکەش کرابوو، دوای گفتوگۆیەکی زانستی لە بارەی ناوەڕۆکی تێزەکە و سامپڵی سەرەکی، کە کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام، لەلایەن لێژنەی گفتوگۆ، بە پلەی “ئیمیتاز” پەسەند کرا.
دواتر شاندی دەزگا، سەردانی ئەنوەر فارس عەبد عەزاوی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی تکریتیان کرد و بە گەرمی لەلایەن ڕاگرەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، ڕاگری کۆلیژ، بە گرنگییەوە باسی لە کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و ڕایگەیاند، مرۆڤ و مرۆڤایەتی، چەقی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.









