واشنتن فرۆشتنی 5 ملیار دۆلار چەک بە قەتەر و ئیسرائیل پەسەند دەکات
حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر دوو گرێبەستی گەورەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە هەریەک لە وڵاتانی قەتەر و ئیسرائیل، کە کۆی گشتی تێچووەکەیان دەگاتە نزیکەی 5 ملیار دۆلار.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە زنجیرە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ڕەزامەندی دراوە بە فرۆشتنی سیستەمی موشەکی پاتریۆت (Patriot) بە وڵاتی قەتەر کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ناوچەی کەنداو، تێچووی ئەم گرێبەستە بە 4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
هاوکات، واشنتن ڕەزامەندی داوە لەسەر فرۆشتنی سیستەمی چەکی ورد و پێشکەوتوو بە ئیسرائیل، کە تێچووی ئەم گرێبەستە دەگاتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار. ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی ململانێ و گرژییەکی سەربازیی بەردەوامدایە.
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردووەتەوە کە هەردوو گرێبەستەکە لە خزمەت ئامانجەکانی “سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی” ئەمریکادان. ئەم هەنگاوە وەک پاڵپشتییەکی سەربازیی واشنتن بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەبینرێت، بەتایبەت لە پێناو بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان.









