وانگ دێشون؛ کاتێک تەمەن دەستەمۆی ئیرادە دەبێت


((كەمال كوردی))
وانگ دێشون لە ساڵی ١٩٣٦ لە شنیانگی چین، لەناو هەژارییەکی ئەوەندە قووڵدا لەدایک بوو کە تەواوی سەردەمی منداڵیی خۆی بە کۆکردنەوەی تەپوتۆزی خەڵوز بەسەر دەبرد تا بە تەنێ یارمەتیدەر بێت لە تێرکردنی سکی خوشک و برا زۆرەکانی. لە سەرەتای ژیانیدا هیچ نیشانەیەک بەدی نەدەکرا کە پێشبینی ئەوە بکات ڕۆژێک دادێت تەواوی جیهان باسی داستانەکەی بکەن.
ئەو وەک شۆفێری پاس دەستی بە کار کرد. دواتر بوو بە کرێکاری کارگە. پاشان، لە تەمەنی بیست ساڵیدا، لایەنێکی شاراوەی ژیانی خۆی دۆزییەوە کە بە بێدەنگی شەست ساڵی داهاتووی تەمەنی داڕشتەوە؛ ئەو ئەشقی سەر تەختەی شانۆ بوو.
لە ساڵی ١٩٦٠ و لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا، بوو بە ئەکتەری شانۆ. بۆ چەندین دەیە لەو شانۆیانەدا نواندنی دەکرد کە زۆربەی خەڵکی جیهان تەنانەت ناویان نەبیستبوو. نە بەناوبانگ بوو، نە دەوڵەمەند؛ ئەو تەنیا مرۆڤێکی “خۆڕاگر” و پێداگر بوو.
پاشان، وردە وردە دەستی کرد بە ئەنجامدانی شتێکی نائاسایی.
ئەو لە “فێربوون” نەوەستا.
لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا، کاتێک زۆربەی خەڵک تەنها بیر لە حەوانەوە دەکەنەوە، ئەو دەستی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی کرد. لە ٤٩ ساڵیدا، گرووپی “پانتۆمایم”ی خۆی دامەزراند. بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی هونەری بێدەنگ لە چین و لە کۆتاییدا لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی ئەڵمانیا و نەمسا نواندنی ئەنجام دا. ئەو شێوازێکی نوێی هونەری بە ناوی “مۆدێلی پانتۆمایم” داهێنا کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهان بوونی نەبوو.
لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا، بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی جیددی دەستی بە وەرزشی لەشجوانی کرد. نە بۆ خۆپەسەندی بوو، نە بۆ ڕاکێشانی سەرنج؛ ئەو ئەم کارەی کرد چونکە “هونەری نواندن” پێویستی بە جەستەیەک بوو کە بتوانێت لەگەڵ خەیاڵەکانیدا هاوسەنگ بێت. هەموو بەیانییەک مەلەی دەکرد و هەموو ئێوارەیەک ڕاهێنانی ئەنجام دەدا؛ ساڵ لە دوای ساڵ، لە کاتێکدا کەس نەبوو تەماشای بکات.
تا ئەوەی ٢٥ی ئازاری ٢٠١٥ هاتە پێشێ.
دیزاینەرێک بە ناوی “هو شەگوانگ” وێنەیەکی ئەوی لە مۆبایلی یەکێک لە هاوڕێکانیدا بینی و پرسی: «ئەم پیرەمێردە کێیە کە ئەوەندە زیندوو و پڕ لە وزە دەردەکەوێت؟» و داوای لە وانگ کرد لە “هەفتەی مۆدەی چین”دا نمایش بکات. وانگ سەرەتا دوودڵ بوو، دەترسا پۆلیس بە تۆمەتی “بێڕەوشتی” دەستگیری بکات، چونکە بڕیار بوو بە سنگێکی ڕووتەوە نمایش بکات؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ڕازی بوو.
تەمەنی ٧٩ ساڵ بوو. ڕیشێکی زیوین، سنگێکی ڕووت، سەرێکی بەرز.
ڕێکردنەکەی تەنها ٣٠ چرکەی خایاند.
ئینتەرنێت هەژا. چین نازناوی “سەرنجڕاکێشترین باپیرە”ی لێ نا. هەوادارانی بە گاڵتەجاڕی و ئاماژەدان بەو زاراوەیەی بۆ ئەکتەرە گەنجەکان بەکاردێت، نازناوی “گۆشتی تازەی کۆن”یان پێ بەخشی. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بوو بە دیاردەیەکی جیهانی و وێنەکانی گەیشتنە هەموو گۆشەیەکی دنیا.
بەڵام ئەوەی جیهان دەیبینی، تەنها ٣٠ چرکە ڕێکردن نەبوو؛ بەڵکو ئەنجامی ٣٠ ساڵ ڕێکخستن و ڕاهێنانی بێدەنگ و سەختی ژیانی بوو کە دواجار گەیشتە بەردەم تیشکی ڕووناکی.
وانگ هێشتا کارەکانی تەواو نەببوو.
لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا ئەسپسواری فێربوو. لە ٧٨ ساڵیدا ماتۆڕسواری. لە ٨٠ ساڵیدا بوو بە “دی جەی”. لە ساڵی ٢٠١٧ کۆمپانیای “ریبۆک” ئەوی کردە ڕووکاری کەمپەینە جیهانییەکەی بە ناوی “مرۆڤانەتر بژین”. وێنەکانی لەسەر بەرگی گۆڤارەکان بڵاوکرانەوە و لە میلانی ئیتاڵیا نمایشیکرد. لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا دووبارە لە شانگهای، بە سنگێکی ڕووت و قاتێکی گوڵداری سوورەوە گەڕایەوە سەر تەختەی نمایش و هێشتا خەندە لەسەر لێوانی بوو.
دواتر، لە ئابی ٢٠٢١ و لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا، خەونێکی تری هێنایە دی کە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بە بێدەنگی لە مێشکیدا هەڵیگرتبوو.
ئەو بڕوانامەی فڕۆکەوانی وەرگرت. بوو بە بەتەمەنترین کەس لە چین کە توانیبێتی ببێتە خاوەنی باڵەکانی فڕۆکەوانی.
کاتێک لێیان پرسی چۆن توانیت ئەم هەموو کارە بکەیت؟ وەڵامەکەی نە پەیوەندی بە جیناتەوە هەبوو، نە بە چانس؛ بەڵکو وەڵامەکەی ئەو پرسیارە بوو کە هەموو ڕۆژێک لە خۆی دەیگوازێتەوە:
«یەکێک لە ڕێگەکانی ناسینەوەی “پیربوون” ئەوەیە کە لە خۆت بپرسیت: ئایا بوێریی ئەوەت هەیە ئەو کارە تاقی بکەیتەوە کە پێشتر هەرگیز ئەنجامت نەداوە؟ سروشت تەمەنی تۆ دیاری دەکات، بەڵام “تۆ” باری دەروونی و مێشکی خۆت دیاری دەکەیت».
ئەم واقیعە ئەو شتەیە کە ژیانی ئەو بە بێدەنگی جەختی لەسەر دەکاتەوە:
خشتەی کاتیی ژیانت تەنها درۆیەکە. ڕۆژژمێر بڕیار نادات کەی کارەکانت تەواو دەبێت؛ بەڵکو تەنها “تۆ” بڕیار دەدەیت. ئەو کەسەی کە هێشتا دەتوانیت ببیت بەو، لە پشت وشەی “زۆر درەنگە”وە چاوەڕێت دەکات؛ وشەیەک کە هەرگیز بە شێوەیەکی سروشتی لەوێدا نییە، بەڵکو “تۆ” لەوێدا داتناوە.
لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا، هێشتا دەتوانیت دەست پێ بکەیت.
لە ٧٠ ساڵیدا، هێشتا دەتوانیت دابھێنیت.
لە ٨٥ ساڵیدا، هێشتا دەتوانیت بفڕیت.
وانگ دێشون زیندووترین بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە.

((كوردی-2026))