بازرگانیکردن بە خوێنی شەهیدانەوە ، ڕادەستکردنی کەرکوک بۆ چەند ئیمتیازاتێکی حزبی
ئەمیرە
مێژووی فرۆشتنی خاکی کوردستان لای باڵێکی دیاریکراو نە ڕێکەوتە و نە هەڵەی سیاسی، بەڵکو بووەتە پیشەیەکی بەردەوام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکانیان و درێژەدان بە هەمان سیناریۆی ڕەشی شانزەی ئۆکتۆبەر. ڕێککەوتنی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە بەرەی تورکمانی لە ڕێگەی دەستلەکارکێشانەوەیەکی شانۆگەرییانەوە، تەنها گۆڕینی دەموچاوێک نییە، بەڵکو تەسلیمکردنی یەکجارەکی ئیرادەی کوردە لەو شارەدا بە ئەجێندای میلیشیاکان و دەرەوە. ئەوانەی خۆیان بە براوەی هەڵبژاردن دەزانی، ئەمڕۆ لەبری بەرگریکردن لە ناسنامەی شارەکە و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزاری بە خەڵکە ستەمدیدەکەی، بۆ چەند پۆستێکی بچووک و مانەوەیەکی کارتۆنی، مافی ڕەوای نەتەوەیەک پێشکەش بە نەیاران دەکەن.
ئەم کارەساتە نەتەوەییە جارێکی تر ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێنێت کە تەنها ڕێبازی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی ئیرادەی ڕاستەقینە و نەگۆڕی کورد دەکات. پارتی نەک هەرگیز نەچووەتە ژێر باری ئەم جۆرە مامەڵە ژێربەژێرانە، بەڵکو بە کردەوە سەلماندوویەتی کە ئامادەیە هەموو پۆست و دەسەڵاتێک ڕەت بکاتەوە، بەڵام سازش لەسەر یەک بست خاکی کەرکوک و کەرامەتی نەتەوەکەی نەکات. کەرکوک پێویستی بە قەڵغانێکی پۆڵاینی خۆڕاگری و ئاوەدانییە، نەک ئەوانەی چارەنووسی شارەکە لە ژوورە تاریکەکاندا هەڕاج دەکەن.









