سوپای پاسداران : هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کارێکی تیرۆریستییە

سوپای پاسداران : هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کارێکی تیرۆریستییە

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بە “کارێکی تیرۆریستی” ناو دەبات و ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان نیشان دەدات.

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێندراوی ژمارە 49ی خۆیدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی کاری تیرۆریستیی دووژمنانی هێرشکارە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوشێوەی ئەم “تیرۆرە ناپیاوانەیەی” بەرپرسانی باڵای ئێران، پێشتریش لەلایەن سوپای ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، ئەم هێرشە دەرخەری هەوڵی “پیسی” دووژمنانە بۆ زیان گەیاندن بە ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاریی ناوچەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

سوپای پاسداران وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێکهێنانی “قەڵخانی بەرگریی کۆیی” لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕفرۆشتنانەی کە دەخرێنە ئەستۆی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت کە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، کە کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

ئێستاش لە ناو جەرگەی ئەو ململانێ و گرژییە سەربازییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی پێشنیارکردنی هاوکاریی ئەمنییەوە، ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی سەقامگیریی دراوسێکانی نیشان بدات.