ئایین لە نێوان میهرەبانی و خوێنڕێژیدا


ستار ئەحمەد

​لە مێژووی گەلاندا هیچ دیاردەیەک هێندەی بەکارهێنانی ئایین بۆ مەرامی سیاسی و نەتەوەیی مەترسیدار نەبووە. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر زمانی هەندێک لەوانەی خۆیان بە شارەزای ئایین دەزانن دەبیسترێت، نەک هەر دوورە لە بنەماکانی مرۆڤایەتی، بەڵکو تەنها خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە چاویان بە یەکڕیزی و ئارامی ئەم خاکەدا هەڵنایەت. کاتێک مەلایەک بە ناوی ئایینەوە بێڕێزی بە خاک دەکات و دەڵێت خاک پیرۆز نییە، ئەو لە ڕاستیدا نەک هەر سووکایەتی بە ناسنامەی نەتەوەیەک دەکات، بەڵکو بێڕێزی بەو لانکەیەش دەکات کە هەزاران ساڵە مرۆڤی تێدا دەژی و خودا وەک بەخششێک پێی داوە.
​خاک تەنها کۆمەڵێک بەرد و خۆڵ نییە، خاک ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا سەربەرز دەبێت، تێیدا خودا دەپەرستێت و ژیانی تێدا بونیاد دەنێت. کاتێک کەسێک دەڵێت خاک دەخەمە ژێر پێڵاوەکانم، ئەو نەک هەر دژایەتی مێژوو دەکات، بەڵکو سووکایەتی بە خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە دەکات کە بۆ پاراستنی ئەم نیشتمانە گیانی خۆیان بەخشیوە. لە کام ئایین و کام یاسای گەردوونیدا هاتووە کە مرۆڤ بێڕێزی بەو ماڵە بکات کە تێیدا گەورە بووە…؟
ئەمە تەنها نیشانەی تێنەگەیشتنە لە مانای نیشتمان و شکۆ.
​ئەوەی جێگەی سەرنج و نیشانەی پرسیارە، کاتی دەرچوونی ئەم فەتوایانەیە. لە کاتێکدا نەتەوەکەمان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و دوژمنان بۆ لەناوبردنی ناسنامەمان ددان تیژ دەکەن، ئەم جۆرە مەلایانە لە ناوەوە خەریکی تەقاندنەوەی یەکڕیزیی کۆمەڵگەن. ئەوان بە حەڵاڵکردنی خوێنی براکانیان، ڕێگا بۆ داگیرکەر خۆش دەکەن تا بە ناوی پاککردنەوەی زەوی لە موشریکان بێتە سەر ماڵ و سامانی ئەم گەلە. ئەمە چ جۆرە عەقڵییەتێکە کە هەموو جیهان بە دۆست دەبینێت و تەنها هاوخوێنەکانی خۆی بە کافر..؟ ئەمە هەمان ئەو ڕێچکە مەترسیدارەیە کە پێشتر تاقیکراوەتەوە و جگە لە ماڵوێرانی و کوشتار، هیچ سوودێکی بۆ ئایین و بۆ نەتەوە نەبووە. مرۆڤێک کە ڕێز لە خاکی خۆی نەگرێت، چۆن دەتوانێت پارێزەری ئایینێک بێت کە بنەماکەی لەسەر پاکی و پاراستنی مافی مرۆڤ دامەزراوە…؟
​لە لایەکی ترەوە، پرسی تەکفیرکردن و حەڵاڵکردنی خوێنی مرۆڤەکان لەژێر ناوی موشریک، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی. چۆن کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی فەتوای کوشتنی هەزاران کەس بدات تەنها لەبەر ئەوەی لە ڕووی سیاسی یان بیروباوەڕەوە لەگەڵ ئەو جیاوازن….؟
ئەگەر پێوەر موشریک بوون بێت، بۆچی ئەم مەلایانە چاویان لە ئاست ئەو هەموو بێڕێزییە داخستووە کە لە وڵاتانی دراوسێ بەرامبەر بە ئایین دەکرێت…؟
​لە تورکیا دەبینین چۆن بە ئاشکرا گاڵتە بە پەرستشەکان دەکرێت و دەوترێت ئەمە ئایینی ئێمە نییە، لە ئێران و سووریا بە جۆرێکی تر سووکایەتی بە پیرۆزییەکان دەکرێت، کەچی ئەم دەنگە ئایینییانە، لە ئاست ئەواندا کڕ و بێدەنگن. کاتێک دەگەنە هاوزمان و هاوخوێنەکانی خۆیان، دەبنە شێری ناو بێشەکان و فەتوای خوێنڕشتن دەدەن. ئەمە دەری دەخات کە ئەم جۆرە مەلایانە نە خەمی ئایینیانە و نە خەمی مرۆڤایەتی، بەڵکو تەنها ئەو قسانە دووبارە دەکەنەوە کە نەیارانی ئەم خاکە پێیان دەڵێن.
​هەموو مرۆڤێک ئازادە لەوەی چۆن بیر دەکاتەوە و چ ئایینێکی دەبێت. خودا لە پەرتووکی پیرۆزدا بە ڕاشکاوی دەفەرمووێت کە هیچ زۆر لێکردنێک لە ئاییندا نییە. ئەگەر خودا بیویستایە، هەموو خەڵکی دەگۆڕی بۆ یەک بیروباوەڕ، بەڵام ویستی خودا لەوەدایە مرۆڤەکان جیاواز بن و تاقی بکرێنەوە. لێپرسینەوە لەوەی کێ بێبڕوا و کێ بڕوادارە، تەنها کاری پەروەردگارە لە ڕۆژی دواییدا، نەک کاری مرۆڤێک کە خۆی پڕە لە هەڵە و کێماسی.
​ئەو کەسانەی فەتوای کوشتنی کوردانی پارچەکانی تر دەدەن لەژێر ناوی لادان لە ئایین، لە ڕاستیدا خوێنڕێژن لە بەرگی مەلایەتیدا. ئەوان دەیانەوێت توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ بچێنن. پێویستە کۆمەڵگە و ڕۆشنبیران لە ئاست ئەم دەنگە مەترسیدارانە بێدەنگ نەبن. ئایین دەبێت ببێتە هۆکاری تەبایی و خۆشەویستی، نەک ببێتە چەقۆیەک بۆ بڕینی ملی براکانمان.
​پێویستە بپرسین: بۆچی هەمیشە خوێنی کورد لە لایەن ئەم مەلایانەوە حەڵاڵە…؟
بۆچی هەمیشە دەبێت ئێمە لەسەر خاکی خۆمان بە ناوی جۆراوجۆر ناو ببرێین…؟
وەڵامەکە ڕوونە؛ چونکە ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن، پێش ئەوەی مەلای ئایین بن، پیاوی دەزگا سیخوڕییەکانی بێگانەن. ئەوان دەیانەوێت ورەی ئەم گەلە بشکێنن و وایان لێ بکەن کە ڕقیان لە خاک و لە ڕەچەڵەکی خۆیان بێت.
​لە کۆتاییدا دەڵێین، خاک کەرامەتی ئێمەیە و بێڕێزی پێکردنی بێڕێزییە بە مرۆڤایەتی. هەر کەسێکیش خوێنی مرۆڤێکی تر حەڵاڵ بکات، بێگومان ئەو کەسە لە ڕێگەی ڕاستی خودا لایداوە. با چیتر ڕێگە نەدەین سەکۆی مزگەوتەکان بکرێنە شوێنی بڵاوکردنەوەی ژەهر و کینە، بەڵکو دەبێت شوێنێکبن ، بانگەشە بۆ ژیان و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و نیشتمان بکەن.