پەرلەمان وەک ڕێگه ی دە ربازبوون له بنبەستی سیاسی
لوقمان گە ڵاڵی
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنیدا، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییە دیموکراتییەکان و نوێکردنەوەی ئەو متمانە پێویستەی کە لە نێوان دەزگا فەرمییەکان و خواستی هاووڵاتییاندا هەیە. دوای قۆناغێک لە سستیی سیاسی و تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆی لە بڕیارداندا، بەڵگەیە لەسەر تێگەیشتن لەوەی کە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە و لە ژێر چەتری یاسادا نەبێت، بەدیار نایێت.
پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکان و ڕێچکەدان بە داهاتووی هەرێم، پێویستی بە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە. پەرلەمان ئەو گۆڕەپانە گشتگیرەیە کە جیاوازییەکانی تێدا کۆدەبەوە، نەبوون یان پەککەوتنی دەبێتە هۆی دروستبوونی ڤالۆمێک (بۆشاییەک) کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی هەرێم و پاراستنی مافی هاووڵاتییانی دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، کاراکردنەوەی ئەم دەزگا دەستوورییە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی لێکترازاو و ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ ڕێککەوتن و تێگەیشتن، بە شێوازێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئابووری و سیاسییەکانی هەبێت لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیدا.
لە لایەکی ترەوە، تێپەڕاندنی خاڵەکانی قەیرانەکە بە تەنها هەنگاوەکانی سەرەتای دەسەڵات تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت پابەندبوونێکی ڕەوشتی و نیشتمانی لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکانەوە هەبێت بۆ ئەوەی پەرلەمان بکەنە ژینگەی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و ڕێکخستنی تێگەیشتنەکان، لە جیاتی پەنابردن بۆ بایكۆتكردن یان پەراوێزخستن. لە کۆتاییشدا، ئامانجی باڵای هەر پرۆسەیەکی سیاسی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلە، گەڕانەوەش بۆ ژێر چەتری پەرلەمان هەنگاوێکی بەنرخە بەرەو چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا.









