قوناغێکی نوێ و چەندین بانگەشە

٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەفەرمی هاوپەیمانان کۆتاییان بە ئەرکی خۆیان لە عێراق هێنا و بەتەواوی هێزەکانیان لە عێراق کشاندەوە، ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دوخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و دۆخی ناوخۆی عێراقیش لەوپەڕی ناڕوونیدایە ئەمەش ترسی لە شەقامی عێراق و کوردستاندا دروستکردووە و چەندین بانگەشەی نالۆژیکیش بە ئەنقەست بڵاودەکرێنەوە لێرەدا بە فاکت چەند بانگەشەیەک ڕەت دەکەمەوە و بۆتان ڕووندەکەمەوە کە بۆچی ناڕاستن وە بانگەشە ڕاستەکانیشتان بۆ باس دەکەم

با باسێکی ئەو بانگەشانە بکەم کە لە شەقامی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بە مەبەست و بێ مەبەست بڵاودەکرێنەوە کەهیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە.
یەکەک لە بانگەشەکان زۆڕ جێی سەرنجە ئەوەیە کە گوایە؛ تۆم باراک وتویەتی دەبێ هێزی پێشمەرگە بچێتە ناو سوپای عێراق، ئەم بابەتە بەتەواوی بەلاڕێدابراوە و بۆ ئاڵۆزکردنی شەقامی کوردییە و ئەم قسەنا ب هیچ شێوەیەک لە زاری تۆم باراکەوە نەهاتوونەتە دەرەوە بەڵکو دروسکتراوی چەند میدیا و پەیجێکن.
ڕاستی ئەم بابەتە ئەوەیە کە تۆم باراک لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە قسەیەکی کردووە و دەڵێت: ( ئەمە کارێکی نایابە، چونکە بوونی یەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی یەکگرتوو بۆ دەوڵەتێکی سەروەر شتێکی بنەڕەتییە و ئەمریکا مامەڵە لەگەل هێزی نیشتیمانی دەکات، وە زۆڕ بەڕوونی وتی پێشمەرگە میلیشیا نییە). ئەگەر لێکدانەوەی لۆژیکی بۆ ئەو قسانەی تۆم باراک بکەین زۆڕ بە ڕوونی دەڵێت پێشمەرگە میلیشیا نییە جا هێزێک کە میلیشیا نەبێت کەواتە هێزێک نییە لەدەرەوەی دەوڵەت هێزێکیش لەدەرەوەی دەوڵەت نەبێت چۆن تێکەڵی هێزێکی دی دەبێت و یان چەک بۆ کێ دادەنێت ئەوەی تۆم پاراکی باسی کردووە هەمان ئەو داواکارییەیە کە هەموو خەڵکی کوردستان هەیبووە ئەوەیش ئەوەیە هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی بن لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان تا ببنە سوپایەکی بەهێزتر و لەگەڵ سوپای عێراق لەیەک ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا بتوانن هەماهەنگی بکەن بۆ پاراستنی سەروەری دەوڵەت، لەلایەکی دی عەلی زەیدی کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە دەڵێت سوپاسی سوپا و پێشمەرگە دەکەین بۆ بەرگریکردن لە عێراق واتە پێشمەرگە و سوپا دوو هێزی جودا و فەرمین ئەمە واقێکە جێگیر بووە تەواو

یەک لە بانگەشەکانی دی ئەوەیە کەئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەکو ڕۆژئاوای کوردستانی لێ بێت و قەوارەیەک بوونی نەمێنێت بەناوی هەرێمی کوردستان.
ئەم بانگەشەیەش هیچ لۆژیکێکی تێدانییە بابەتی ئێمە و ڕۆژئاوا عەرد و ئاسمانی جیاوازە کورد لە عێراق واقعێکە کە ئیدی نەک عێراق بەڵکو دراوسێکان و جیهانیش ئەو واقعەیان قبول کردووە، عێراق دەستوورێکی پەسەندکراوی هەیە بەپێی دەستوور وڵاتێکی فیدرالییە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو دەستوورەی کە خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە، بۆ گۆڕینی ئەم واقعە دوو ڕێگا هەیە یان دەستوورێکی نوێ بنووسرێت و دەنگی لەسەر بدرێت یان بە هێز هەرێمی کوردستان داگیربکرێت
سەبارەت بە نووسینی دەستوورێکی نوێ ئەم بابەتە بەبێ بەشداری کورد ناکرێت و هەر دەستوورێکیش ئامادە بکرێت ڕەوایەتی نابێت، ئەگەر باسی داگیرکردنی کوردستانیش بکرێت بە هێز ئەوەش ئەستەمە و زۆڕ دوورە لە لۆژیک چونکە سوپای عێراق خۆی توانای ئەوەی نییە ئەم کارە بکات و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە بۆ سۆپای عێراق کارێکی هەروا ئاسان نییە ئەگەر میلیشیاکانی عێراقیش بەشداری بکەن جارێکی دی دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەورووپا چونکە هەر جوڵەیەکی میلیشیاکان لای ئەمریکا و هاوپەیمانان قبولکراو نییە بگرە کشانەوەیان بۆ ئەوەیە میلیشیاکان بتوێنەوە، لەلایەکی دی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە بابەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا تەنانەت بۆ کشانەوەیان دوو پەراوێزیان داوەتە عێراق بۆئەوەی عێراق گەرەنتی پاراستنی هەرێمی کوردستان بکات

هەرچی بانگەشەی گەڕانەوەی تیرۆر جا لەژێر ناوی داعشبێت یان هەر ناوێکی دی ئەمە بابەتێکی جددییە و حاشای لێ ناکرێت چونکە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە کە ئەمە دەرفەت دەداتە گرۆپە تیرۆریستییەکان تا بتوانن خۆیان ڕێکبخەنەوە، بەڵام ئەم مەترسییە تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو مەترسییەکی گەورە و جددییە بۆ عێراقیش تەجروبەی ساڵی ٢٠١٤ پێمان دەڵێت کە عێراق لەبابەتی ڕووبەڕووبەوەی تیرۆر لاوازە بەتایبەت کە بەشێکی زۆڕی خەڵکەکەی کە نزیکن لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە بەئاسانی دەچنە پاڵ گرۆپە تیرۆریستییەکان ئەوەش وادەکات عێراق کەمتر خۆی لەبەردەم ئەو مەترسییە بگرێت

مەترسییەکی دیکەی جددی هەیە لەسەر عێراق ئەویش پێکدادانی ناوخۆییە، ئەم بابەتە لە ئێستادا گەورەترین ئاڵنگارییە لەبەردەم عێراقی پاش هاوپەیمانان، عێراق بەسەر چەندین گرۆپ و میلیشیای تایفیدا دابەش بووە کە هەر بەشەو لە شوێنێکەوە فەرمان وەردەگرن و کۆنتڕۆلکردنیان بۆ دەوڵەت کارێکی ئێجگار قورسە و عەلی زەیدی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت زۆڕ بەجددی کار بۆ چەککردنی ئەو میلیشیایانە دەکات بەڵام لە کۆتا پەیامدا میلیشیاکان بەهەموو شێوەیەک ڕەتیان کردەوە کە چەک دابنێن بۆ دەوڵەت و لەلایەکی دیکەشەوەی نەمانی هاوپەیمانان گوڕەپانەکەی بۆ ئەو میلیشیایانە چوڵترکردووە و دەستکراوەترن ئەمەش وا دەکات عێراق لەهەر کات و ساتێکدابێت بتەقێتەوە و ڕووبەڕووی پێکدادانی ناوخۆ بێت

لەکۆتاییدا ئەم قوناغە نوێیە پڕە لە ئاڵنگاری بۆ عێراق و بۆ کوردستان بەڵام بەو جورە نییە کە هەندێک میدیا و پەیج بانگەشەی بۆ دەکەن کە بە نەمانی هاوپەیمانان کوردستان نامێنێت و عێراق جارێکی دی دەگەڕێتەوە بۆ مەرکەزیەت، بەڵکو ئاڵنگارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان چەندبن بۆ عێراق دووهێندەیە

زانا عەبدولباقی