نێچیرڤان بارزانی؛ باڵیۆزی ئاشتی و قەڵغانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکان
ڕۆژنامە نووس ئارام شێرکۆ
ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی کرایە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، کردەوەیەکی تەواو ناڕەوا و تێرۆرستییانە بوو. ئەم پەلامارە تەنها بە ئامانجگرتنی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر باڵیۆزی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا و سووکایەتیکردنە بە ئیرادەی سەرجەم گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، وەک ڕێبەرێکی خاوەن دیدگای مرۆیی، هەمیشە هەموو هەوڵ و دەرفەتەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتەوایی و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی تەرخان کردووە. هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم سیمبولە، ئاماژەیەکی ترسناک و مەترسیدارە کە دەری دەخات هەندێك دەست و لایەن بە مەبەست دەیانەوێت هەرێمی کوردستان تێوەگلانی ئەو شەڕ و وێرانکارییانە بکەن کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار و بە ڕوونی دووپاتیان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێك نییە لەو ململانێ و جەنگە هەرێمایەتییانە و نابێتە سوتەمەنیی کێشەی لایەنەکان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی لێهاتوویی و توانایەوە کار دەکات بۆ ئەوەی گەلی کورد نەکرێتە ئامانج و نیشتمانەکەمان لەم گەردەلوولە بەدوور بگرێت، چونکە ئەمە شەڕی ئێمە نییە و تەنها ماڵوێرانی بۆ خەڵکەکەمان لێ دەکەوێتەوە.
جێگەی داخی قووڵە، لە کاتێکدا سەرۆکایەتی و حکومەت بەردەوامن لە گرتنەبەری سیاسەتی دانبەخۆداگرتن و دوورەپەرێزی، کەچی ڕۆژانە هەرێمی کوردستان لەلایەن گروپە تێرۆریستییە لەیاسادەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج. ئەوەی زیاتر جێگەی تێڕامانە، بێدەنگیی تەواوی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە لە ئاست ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایانەی دەکرێنە سەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و ژیانی هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە، کە ئەم جۆرە ڕەفتارە نزم و توندوتیژییانە هەرگیز نابنە ڕێگر لەبەردەم کاروانی خزمەتی مرۆڤایەتی و ئەو پەیامە پیرۆزەی کە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان هەڵگریەتی. ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئارام، لە هەموو موشەک و درۆنێکی تێرۆریستی بەهێزترە.









