سمبۆلی ژن، وەک خۆشەویستی و ترس لە شانۆدا

ئەژین فەھمی
ھەر لە شانۆی کلاسیکییەوە تاکو ئێستا، ژن وەک سمبۆلێکی پڕمانا و فرە ڕەھەند نیشان دراوە، ئەگەرچی ئەم بابەتە لەنێو ھەر شانۆنامەیەکدا بەشێوە و شێوازی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە و کاری لەسەر کراوە، بەڵام ھەندێک جار بە ھێڵێکی کاڵ و نادیار پیشان دراوە و پێویستی بە لێکدانەوەی ھەمە لایەن و قووڵ ھەیە. کارەکتەری ژن نەک ھەر ڕۆڵی گرنگی پێ دراوە، بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە و تا ڕادەیەک بووەتە پێوەرێک بۆ ھەڵسەنگاندنی بەھای شتەکانی دەوروبەر. ژن سەرباری ئەوەی وەک تاکێکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی ھەبووە، دەشێت بووبێتە ئامڕاز و ھۆکارێکی گۆڕانکاری گەورەی و ھێزێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیش. ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەب بکەین، نووسەران لە سەردەمە جیاوازەکاندا ژنیان وەک ئامرازێکی شانۆیی بەکار ھێناوە بۆ گەیاندنی مەبەستە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکانیان. بۆ نموونە لە تراژیدیاکانی یۆنانی کۆندا وەک “ئەنتیگۆنە”ی سۆفۆکلێس، ژن وەک ھێمای سەرکێشی و یاخیبوون بەرانبەر بە دەستەڵاتی نایاسایی و زۆردار دەردەکەوێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا قوربانی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار دەبێت، کە بنەماکانی لەسەر ستەمکاری و نایەکسانی دامەزراوە.
ژن لە شانۆنامەی ھاملێتی شێکسپیردا وەک سمبۆلی خۆشەویستی و پاکی دەردەکەوێت، ھەرچەندە کارەکتەری “ئۆڤیلیا” لە ڕووی زۆری و کەمی ڕۆڵەکەیەوە، بە بەراورد بە کارەکتەرەکانی تر، ڕۆڵەکەی کەمترە، بەڵام گرنگ و یەکلاییکەرەوەیە. لە شانۆنامەی “کەڵک”ی ستریندبێرگ دا، ھێمای ناتەبایی و شێتییە. دەکرێت ئەم ھێمایانە بۆ ژن کاریگەری قووڵ و دوورخایەن دروست بکات بۆ خوێنەر و تەنانەت بۆ نووسەر خۆیشی، چونکە ژن لەم بارەیەوە دەبێتە مایەی پرسیار و بیرکردنەوە لەسەر چییەتی مرۆڤایەتی. ھەروەھا نووسەرانی وەک ھێنریک ئیبسن، چێخەف، یۆژین ئۆنێل، تێنسی ولیامز سامویێل و ھارۆڵد پینتەر… ھتد لە شانۆنامەکانیاندا ئاوڕێکی باشیان لە ژن داوەتەوە و دەتوانم بڵێم: پرسی ژن ڕەگی لە شانۆدا داکوتیوە و بووەتە یەکێک لە تێما سەرەکییەکان. ھەربۆیە ژن وەک ڕەگەزێک، بەشێکی گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی و شانۆیی پێک دەھێنێت، کە ناتوانرێ پشتگوێ بخرێت.
لە سەدەی نۆزدەھەم و بیستەمدا، ڕۆڵ و پێگەی ژن لە شانۆی جیھانیدا، گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا ھاتووە و لە ڕووی فکری و فەلسەفییەوە قووڵتر بووەتەوە. لە شانۆنامەکانی ھێنریک ئیبسندا، ژن وەک نموونەیەکی سەربەخۆ و خاوەن ویست دەردەکەوێت، کە دژی ئەو ڕۆڵە تەقلیدییە دەوەستێتەوە کە کۆمەڵگە بۆی دیاری کردووە و بەسەریدا سەپێنراوە. لێرەدا ژن لە حاڵەتی قوربانیبوون و بێدەنگییەوە دەگوازرێتەوە بۆ حاڵەتی چالاکی و خودگەرایی و پێشخستنی مافەکانی.
لە شانۆنامەی “شا لیر”ی شێکسپیردا، کارەکتەری ژن زۆرجار وەک ڕەمزی پاکی و پیرۆزی دەردەکەوێت، بەڵام لە کاتی خۆیدا دەتوانێت ترسێنەر و مەترسیدار بێت. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ژن چەندین بنەما لە خۆ دەگرێت، لە لایەکەوە کۆردیلیا، وێنەی پاکی و دڵسۆزییە، لەلایەکی ترەوە، خوشکەکانی گۆنریل و ریگن ناوەندی شەڕ و تاوانکارین. نووسەران ژنیان وەک نامۆ و مانای جودا و دووڕوو پیشان داوە، کە بە ھەمان ئاست ھەم ترسناک و مەترسیدار و ھەمیش دڵگەش و سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت. لەم تێکستانەدا، ژن زۆرجار وەک دەنگێکی نادیار یان ھێزێکی بێدەنگ و نھێنی دەردەکەون، کە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر شانۆدا بێت، کاریگەری قووڵ و دوورخایەنی لەسەر کارەکتەرە نێرینەکان دادەنێت و ژیانیان دەگۆڕێت. نووسەرانی مۆدێرن ھەوڵیان داوە ئەم تەکنیکە بەکار بھێنن بۆئەوەی پرسیاری بنەڕەتی لەسەر چییەتی ڕاستی، ھەستکردن و پێوەندیی مرۆڤایەتی ئاڕاستە بکەن و تیشک بخەنە سەری. ژن لێرەدا نابێتە قوربانی یان پاڵەوان، بەڵکوو دەبێتە پرسیارێکی فەلسەفی، دەبێتە ئەو بۆشاییە و ئەو نادیارەی کە تەماشاکەر پێویستە بەخۆیەوە بیبینێت و لێکی بداتەوە. بێگومان ئەمەیش وا دەکات شانۆ ببێتە شوێنی پێوەندیی چالاکانە و پێوەندیی زیندووی لەنێوان بینەر و تێکستدا.