8000 چرای نەکوژاوەی بارزان
کاتێک مێژوو دەگاتە 31 ی تەممووزی 1983، هەناسەی زەوی ڕادەوستێت و خاکی کوردستان برینێکی وەها بەسوێ دەکرێت کە تەنانەت زەمانیش ناتوانێت ساڕێژی بکات. لەو ڕۆژە شومەدا ، ڕژێمی تاوانکار لە هێرشێکی ڕەگەزپەرستانەی بێوێنەدا ، له کۆمەڵگە زۆرەملێکانی (بەحرکە ، قوشتەپە ، هەریر و دیانە ، 8000 هەناسەی گەرم و 8000 دڵی پڕ لە هیوا و خۆشەویستیی ڕافڕاند. ئەوان نەک تەنیا پیاو و کوڕی ناوچەیەک بوون ، بەڵکو 8000 قەڵای ئیرادە و سەربەرزییان لە نێو شەوی تاریکی تاواندا ڕاپێچی بیابانە بێئاو وئاگراوییه کانی باشووری عێراق کرد.
لەو بیابانە گەرمانەدا ، کاتێک لمە سووتاوەکان بوونە پەردەی شەرمەزاری بۆ جەلادەکان ، 8000 دڵی بێتاوان بە تینوێتی و لە ژێر زەبر و زەنگی نامرۆڤانەدا ژێرخاک کران و نەعرەتەی ئازادییان لە سینگدا کپ کرا. بەڵام ئەوان تەنیا جەستە نهبوون کە له ژێر خاکدا بڕزێن ، بەڵکو 8000 تۆوی ئازادی و شەرەف بوون کە لە ناخی زەویدا ڕیشەیان داکوتا. هەر دڵێک لەو 8000 دڵە ، کاتێک دوا ترپەی بە ئازادیی کوردستان بەخشی ، بووە هەوێنی داستانێکی نوێ لە خۆڕاگری و نەبەزین.
ئەو تاوانە ویستی بڕست لە ئەژنۆی نەتەوەیەک ببرێت ، بەڵام دایکانی سەربەرزی بارزان لە غیابی ڕۆڵە و هاوسەرەکانیاندا ، فرمێسکی ئازاریان کردە چەک و چۆکیان بۆ زولم دانەدا. ئەوان بوونە قەڵای پاراستنی شەرەفی ئەم خاکە و لە نێو ڕەشپۆشیدا نەوەیەکی تریان بە ئیرادەی ئاسنین گۆش کرد. جەلادەکان بە کوژاندنەوەی چرای ئەو 8000 دڵە ویستیان داستانی بارزان کۆتایی پێ بهێنن ، کەچی نەیانزانی ئەو خوێنە پاکە دەبێتە ڕووبارێک بۆ ڕامالینی زۆرداران و بونیادنانی دادپەروەری.
ئەمڕۆ پاش 43 ساڵ لەو کاولکاری و تاوانە گەورەیە ، جەلادەکان و دەسەڵاتە ڕەشەکەیان بوونەتە زبڵدانی مێژوو و ناو و کرداریان بووەتە پەڵەیەکی ڕەش لەسەر نێوچەوانی مرۆڤایەتی. بەڵام یاد و ناوی ئەو 8000 ڕۆحە سەربەرزە ، وەکو لێدانێکی بەهێز لە ناو سینگی هەموو کوردێکدا دەپەنگێتەوە و لەسەر لوتکە سەرکەشەکانی کوردستاندا ئاڵای نەمری دەشەکێنێتەوە. سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی بارزان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان ، دروود بۆ ئیرادەی بڕست نەبڕاوی ئەو دایکانەی بە بێدەنگی داستانێکی پر لە شکۆیان تۆمار کرد.
لوقمان عوسمان ئاغا گە ڵاڵی









