شـونـاس و شــکۆ ، پاراسـتنی سنوورە مەعنەوییەکـانی نەتەوە

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی

مرۆڤایەتی لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا فێری ئەوە بووە کە نەتەوەکان تەنها بە خاک و سنوورە جوگرافییەکان ناناسرێنەوە بەڵکو ئەوە (مانا و بەها مەعنەوییەکانن) کە وەک قەڵغانێکی پۆڵاین شوناسی گەلێک لە توانەوە دەپارێزن. هەر میللەتێک خاوەنی کۆمەڵێک پایەی مێژوویی و ڕەمزییە کە ڕەگیان لەناو ویژدانی گشتیدا چەسپاوە ، هیچ هێزێک نە یتوانیوە ناشتوانێ ئەم ڕەگانە تێکبدات .
ئەرکی میدیا و ناوەندەکانی گەیاندن پێش ئەوەی گواستنەوەی هەواڵ بێت پاراستنی ئەو هاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییە و پاراستنی ڕێزە لەو سەرمایە نەتەوەییانەی کە ناکرێت بێ ڕێزیییان پێ بکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی کاتی یان ململانێی بچووک. کاتێک ئامرازێکی ڕاگە یاندن پەنا دەباتە بەر شێواندنی وێنە و مانا پیرۆزەکان لە ڕاستیدا دەست بۆ ئەو دیوارە دەبات کە سەقامگیریی دەروونی و نەتەوەیی گەلێکی لەسەر وەستاوە.
ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا کاتێک دەبنە مایەی گەشە کە لە چوارچێوەی ڕێزدا بن. شێواندنی وێنەی ئەوانەی مێژوویان دروستکردووە ئازایەتی نییە بەڵکو گوزارشتە لە نەمانی ئاراستەی ڕاستەقینەی کارکردن. پێویستە هەمووان بزانن کە یاسا و ڕێساکان تەنها بۆ ڕێگری نین بەڵکو بۆ هێنانەوەی هۆشیاریین بۆ ناو کایەکان تا تێبگەین کە شێواندنی شکۆ بریندارکردنی دڵی هەموو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بەو ناسنامەیە دەناسنەوە. چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێچکەی ڕاست، پێویستی بەوەیە مرۆڤ بەر لەوەی یاسا سزای بدات خۆی لە بەردەم دادگای ویژدانی خۆیدا هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات کە بەرامبەر بە مێژوو و داهاتووی نیشتمانەکەی هەیەتی.