مێژووی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمارەکانی عێراق (٢٠٠٤ – ٢٠٢٥)

پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عێراقی دوای ساڵی (٢٠٠٣)، چەندین گۆڕانکاری و وەرچەرخانی سیاسی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتا لە ڕێگەی دامەزراوە کاتییەکانەوە دەستی پێ کرد و دوای پەسندکردنی دەستووری ساڵی (٢٠٠٥)، شێوازێکی یاسایی و جێگیری وەرگرت. لێرەدا کورتەی شەش خولی ڕابردوو دەخەینە ڕوو:

١. غازی یاوەر (حکوومەتی کاتی – ٢٠٠٤): ئەم خولە پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و نووسینەوەی دەستوور بوو. (غازی یاوەر) وەک کەسایەتییەکی عەرەبی سوننە، لەلایەن “ئەنجومەنی حوکم” و بە ھەماھەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستنیشان کرا؛ ئەمەش بۆ دروستکردنی ھاوسەنگی لەو قۆناغە ڕاگوزەرەدا بوو.

٢. جەلال تاڵەبانی (خولی یەکەم – ٢٠٠٥): دوای یەکەم ھەڵبژاردنی “کۆمەڵەی نیشتمانی”، (مام جەلال) وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد ھەڵبژێردرا. بەپێی “پەیڕەوی دەستووریی کاتی”، ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لە سەرۆکێک و دوو جێگر پێک دەھات. لەم خولەدا تەنیا یەک لیستی سەرەکی ھەبوو، چونکە لایەنەکان پێشوەختە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتبوون.

٣. جەلال تاڵەبانی (خولی دووەم – ٢٠١٠): ئەم خولە دوای قەیرانێکی سیاسیی درێژخایەن ھات. لە دانیشتنی پەرلەماندا، (مام جەلال) توانی (١٩٥ دەنگ) بەدەست بھێنێت. ئەگەرچی چەند کاندیدێکی سەربەخۆ ھەبوون کە دیارترینیان (حسێن مۆسەوی) بوو، بەڵام ڕکابەرییەکان توند نەبوون و پۆستەکە یەکلا کرایەوە.

٤. فوئاد مەعسوم (٢٠١٤): دوای نەخۆشکەوتنی (مام جەلال)، لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) لەسەر کاندیدکردنی (فوئاد مەعسوم) ڕێککەوتن. سەرەڕای ئەوەی نزیکەی (١٠٠ کەس) ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ناوبراو بە (٢١١ دەنگ) لەناو پەرلەماندا ھەڵبژێردرا.

٥. بەرهەم ساڵح (٢٠١٨): لەم خولەدا، بەھۆی ڕێنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش، کێبڕکێیەکە گواسترایەوە بۆ ناو ھۆڵی پەرلەمان. زیاتر لە (٢٠ کاندید) ھەبوون، بەڵام ململانێی سەرەکی لە نێوان (بەرهەم ساڵح) و (فوئاد حسێن) بوو؛ دواجار (بەرهەم ساڵح) بە (٢١٩ دەنگ) سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

٦. لەتیف ڕەشید (٢٠٢٢ – ٢٠٢٥): ئەم قۆناغە بە درێژترین قەیرانی سیاسی دادەنرێت کە ساڵێکی خایاند. لەنێوان نزیکەی (٤٠ کاندید)دا، ڕکابەرییەکە لەنێوان (لەتیف ڕەشید) و (بەرهەم ساڵح) چڕ بووەوە. لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، (لەتیف ڕەشید) بە (١٦٢ دەنگ) بەرامبەر بە (٩٩ دەنگ)، وەک سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرا.

☀️دەسەڵاتە دەستوورییەکانی سەرۆک کۆمار
بەپێی ماددەکانی (٦٧ بۆ ٧٥) لە دەستووری عێراق، پێگەی سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتەکانی بەم شێوەیە دیاری کراون:

١. پێگەی یاسایی (ماددەی ٦٧): سەرۆک کۆمار سەرۆکی دەوڵەت و نیشانەی یەکێتیی نیشتمان و پارێزەری دەستوورە. ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی سەربەخۆیی، یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق.

٢. دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان (ماددەی ٧٣): ئەم ماددەیە بە وردی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار دیاری دەکات، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

دەرکردنی لێبوردنی تایبەت: بەپێی پێشنیازی سەرۆک وەزیران (جگە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و گەندەڵی).

پەسندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان: دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسند دەکرێن.

پەسندکردنی یاساکان: ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریان دەکات، سەرۆک کۆمار واژۆیان دەکات (ئەگەر لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا واژۆ نەکرێن، بە پەسندکراو هەژمار دەکرێن).

ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن: بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.

پەسندکردنی پلە باڵاکان: وەک باڵیۆزان و ئەفسەرانی سوپا بەپێی یاسا.

پێشکەشکردنی مەدالیا و نیشانەکان: بەپێی پێشنیازی سەرۆکایەتیی وەزیران.

٣. متمانە و لێسەندنەوەی متمانە:

ماددەی ٧٠: سەرۆک کۆمار دەبێت لە پەرلەماندا دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامان بەدەست بهێنێت.

ماددەی ٧٥: لە کاتی چۆڵبوونی پۆستەکە (بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە یان کۆچی دوایی)، جێگری یەکەم شوێنی دەگرێتەوە، ئەگەر جێگری نەبوو، سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

هەرچەندە سیستەمی عێراق پەرلەمانییە و زۆربەی دەسەڵاتە کردارییەکان لای سەرۆک وەزیرانن، بەڵام سەرۆک کۆمار خاوەنی “دەسەڵاتی هاوسەنگکردنە” . ئەو وەک ناوبژیوانێکی باڵا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دەردەکەوێت بۆ ڕێگری لە پێشێلکردنی دەستوور.

ماددەی (٧٦) لە دەستووری عێراق، بە یەکێک لە جەنجاڵترین و ئاڵۆزترین ماددە دەستوورییەکان دادەنرێت، کە چەندین قەیرانی سیاسیی گەورەی لێ کەوتووەتەوە. ئەم ماددەیە باس لە میکانیزمی ڕاسپاردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات.

☀️قۆناغەکانی ڕاسپاردن بەپێی ماددەی (٧٦)
١. ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن: سەرۆک کۆمار لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا لە دوای هەڵبژاردنی خۆی، کاندیدی “گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان” ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
٢. ماوەی پێکهێنان: کاندیدی ڕاسپێردراو ٣٠ ڕۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی ناوی وەزیرەکانی و کارنامەی حکوومەتەکەی بباتە پەرلەمان.
٣. کاندیدی نوێ: ئەگەر کاندیدی یەکەم شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی متمانە، سەرۆک کۆمار کاندیدێکی نوێ ڕادەسپێرێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.

☀️کێشە یاسایی و سیاسییەکانی ئەم ماددەیە
سەرەکیترین کێشە لە چەمکی “گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان” (الكتلة النيابية الأكثر عدداً) دایە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو تەفسێری جیاواز:

تەفسێری یەکەم (پێش هەڵبژاردن): ئەو لیستەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی بەدەست هێناوە.

تەفسێری دووەم (دوای هەڵبژاردن): ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لەناو یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا لە چەند لایەنێک پێک دێت و زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتار کۆ دەکاتەوە.

دادگای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٠ (دوای کێشەی نێوان لیستی ئەلسەعد و لیستی دەوڵەتی یاسا) بڕیاری دا کە تەفسێری دووەم ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت. ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی لایەنەکان دوای هەڵبژاردن بکەونە “بازاڕی سیاسی” و کڕین و فرۆشتن بە پەرلەمانتارانەوە بۆ دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆن، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی بۆ چەندین مانگ دوا دەخست.

ئەم ماددەیە وای کردووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ببێتە کلیلی یەکلاکەرەوە، چونکە ئەو بڕیار دەدات کێ ڕادەسپێرێت. لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢، ئەم ماددەیە بووە هۆی “بنبەستی سیاسی” ، چونکە لایەنەکان لەسەر پێناسەی گەورەترین فراکسیۆن ڕێکنەدەکەوتن

☀️دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و ڕێگریکردن لە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ماددەی (٧٦)، چەند بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد کە گۆڕانکاریی ڕیشەییان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا دروست کرد:

١. چەسپاندنی چەمکی “گەورەترین فراکسیۆن”
دادگا جەختی لەسەر بڕیارەکەی ساڵی ٢٠١٠ کردەوە، بەڵام بە وردەکاریی زیاتر. بڕیاری دا کە گەورەترین فراکسیۆن تەنیا ئەو لیستە نییە کە لە هەڵبژاردندا یەکەم بووە، بەڵکو دەکرێت ئەو هاوپەیمانێتییە بێت کە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا لە ڕێگەی واژۆی پەرلەمانتارانەوە پێشکەشی سەرۆکی تەمەن دەکرێت. ئەمە وای کرد کە “کوتلەی سەدری” (کە یەکەمی هەڵبژاردن بوو) نەتوانێت بە تەنیا حکوومەت پێک بهێنێت ئەگەر لایەنەکانی تر هاوپەیمانییەکی گەورەتر دروست بکەن.

٢. بڕیاری “سێیەکی پەکخەر” (الثلث المعطل)
گرنگترین و کاریگەرترین بڕیاری دادگا لە ساڵی ٢٠٢٢، پەیوەست بوو بە ڕێژەی یاساییی (Quorum) دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار:

دادگا بڕیاری دا کە دەبێت لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، لایەنی کەم دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (٢٢٠ پەرلەمانتار) ئامادە بن.

ئەم بڕیارە دەسەڵاتێکی گەورەی دا بە کەمینەی پەرلەمانی (سێیەکی ئەندامان) کە بتوانن بە ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران پەک بخەن.

٣. بەردەوامبوونی سەرۆک کۆمار لە ئەرکەکانیدا
دادگا بۆ ئەوەی وڵات نەکەوێتە بۆشاییی دەستوورییەوە، بڕیاری دا کە تا ئەو کاتەی سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، سەرۆک کۆماری پێشوو (کە ئەو کات بەرهەم ساڵح بوو) لە پۆستەکەیدا بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر ماوەی دەستوورییەکەشی تەواو بووبێت. ئەمە پێی دەوترێت “بەردەوامبوونی کارگێڕی بۆ پاراستنی دەوڵەت”.

☀️کێشەکان دوای بڕیارەکەی دادگا:
ئەم بڕیارانە ئەگەرچی یاسایی بوون، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە قەیرانەکەیان قووڵتر کردەوە:

بنبەستی درێژخایەن: وای کرد عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بێ حکوومەت بێت.

ناچارکردن بۆ ڕێککەوتنی گشتگیر: هیچ لایەنێک نەیتوانی حکوومەتی “زۆرینە” پێک بهێنێت، چونکە هەمیشە لایەنی بەرامبەر “سێیەکی پەکخەر”ی بەکار دەهێنا.