🔶 وادەی ناونووسینی هاووڵاتییانی بۆ فەریزەی حەج درێژکرایەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وادەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی هاووڵاتییان بۆ فەریزەی حەج درێژبکاتەوە.

بەپێی بڕیارەکە، پرۆسەی ناونووسین بۆ ساڵانی 2027 و 2028 تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026، کاتژمێر 12:00ـی شەو بەردەوام دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیار بوو ڕۆژی 5ـی ئاب کۆتایی پێبێت.

ئەم بڕیارە نوێیە لەسەر ڕاسپاردەی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف کراوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کێشەی دەرهێنانی پێناسەی دیجیتاڵی یان نوێکردنەوەی پاسپۆرتیان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار داواکاری بۆ فەریزەی حەج لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانەوە بە فەرمی تۆمارکراون و پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.