کاتێک دیپلۆماسی دەبێتە هێز

ئەحمەد گلی

لە ناوچەیەکدا کە هەر وشەیەک دەتوانێت هاوسەنگی بگۆڕێت و هەر هەنگاوێک دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بکاتەوە، هێز تەنها لەوەدا نییە کە چەند هێزت هەیە, بەڵکو لەوەدایە چۆن نەیارەکانت بێنیتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەو ڕوانگەیەوە، کۆبوونەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە دیمەشق، تەنها دیدارێکی دیپلۆماسی نییە, بەڵکو دەتوانێت نیشانەی هەوڵێک بێت بۆ گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەیەک کە ساڵانێکە بە شەڕ و بێمتمانەیی ئاڵۆزتر کراوە.

سوریا بە دۆخێکی ئاسایی تێناپەڕێت, داهاتووی ئەم وڵاتە تەنها لە دیمەشق دیاری ناکرێت, بەڵکو تورکیا، ئەمریکا و هێزە ناوخۆییەکان، هەریەکەیان کارت و بەرژەوەندیی خۆیان هەیە, لە ناو ئەم یارییە ئاڵۆزەدا، پرسی کورد یەکێکە لەو فایلانەی کە دەتوانێت هاوسەنگیی داهاتووی سوریا و تەنانەت ناوچەکە بگۆڕێت.

بۆیە چاوی تورکیا لەسەر هەر هەنگاوێکە کە پەیوەندی بە داهاتووی کورد و سوریاوه‌ هەبێت, ئەنجامی گفتوگۆ لە نێوان دیمەشق و کوردەکان دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا هەبێت.

هەروەها بۆ ئەمریکا، سوریایه‌كی سەقامگیرتر و چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکان، لە زۆر ڕووەوە باشترە لە سوریایه‌ک کە بەردەوام لە ناوخۆی خۆیدا بسووتێت.

لە نێوان ئەم هەموو بەرژەوەندییە جیاوازانەدا، دیپلۆماسیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ببێتە خاڵی پەیوەندی, چونکە هێزی دیپلۆماسی ئەوە نییە تەنها لەگەڵ هاوبیرەکانت گفتوگۆ بکەیت، هێزی ڕاستەقینە ئەوەیە بتوانیت لەگەڵ ئەو لایەنەش گفتوگۆ بکەیت کە جیاواز لە تۆ دەفکرێت.

لە نێوان دیمەشق و کوردەکاندا، کێشە تەنها دەسەڵات نییە, بەڵکو کێشەی متمانەشە, دیمەشق نیگەرانیی یەکپارچەیی و دەسەڵاتی ناوەندییە، کوردیش نیگەرانیی لەدەستدانی ماف، ناسنامە و بەشداریی سیاسیی خۆییە.

ئەگەر هەردوو لایەن تەنها لە ترسی خۆیانەوە بڕوانن، ناکۆکی بەردەوام دەبێت, بەڵام ئەگەر بتوانن لە بەرژەوەندیی هاوبەشەوە سەیری داهاتوو بکەن، ئەوا دەرگای ڕێککەوتن دەکرێتەوە, ئەمە ئەو شوێنەیە کە دیپلۆماسی دەتوانێت کاریگەری دروست بکات.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لە نێوان دیمەشق و کورد، لە نێوان هەستیارییەکانی تورکیا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، پرد دروست بکات، نەک دیوار.

ئەگەر ئەم ڕۆڵە بەردەوام بێت، هەولێر تەنها تماشاکەری گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە نابێت, بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە گفتوگۆ و دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە ناوچەکەدا.

ئاشتی تەنها بە واتای نەبوونی شەڕ نییە, ئاشتی ئەوەیە لایەنە جیاوازەکان فێربن چۆن لەگەڵ جیاوازییەکانیاندا پێکەوە بژین.

ناوچەکە ئەمڕۆ پێویستی بە بەرزکردنەوەی دیوارەکانی ناکۆکی نییە, پێویستی بە بەهێزکردنی پردەکانی گفتوگۆیە.
ئەگەر هێز تەنها بە فڕۆکە و تانک و چەک پێوانە نەکرێت، ئەوا دیپلۆماسییەکی متمانەپێکراو دەتوانێت خۆی ببێتە هێزێکی ستراتیژی.

لە ناوچەیەکی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی، ئەو کەسەی بتوانێت لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، تەنها دیپلۆمات نییە, به‌ڵكو بەشێکە لە دروستکردنی داهاتوو.

ئەوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت بیکات، دروستکردنی پردی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە.
ناوچەکە پێویستی بە سەرکردایه‌تییه‌ک نییە کە بەربەست و دیوارەکان بەرزتر بکات, پێویستی بە سەرکردایه‌تییه‌كه‌ پردەکانی پەیوەندی بەهێزتر بکات( لە ناوچەیەکی پڕ لە ناکۆکی، ئەمە خۆی جۆرێکە لە هێز ).