ڕاستگویی لەئاکاری ڕۆژانەماندا
ستار ئەحمەد
ڕاستگۆیی تەنها وشەیەک نییە کە بە زمان دەربڕێت، بەڵکو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە کە تەواوی پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر جێگیر دەبێت، چونکە کاتێک مرۆڤ لە ئاکار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا پەنا بۆ ڕاستگۆیی دەبات، لە ڕاستیدا پەیمانێکی ڕەوشتیی لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەریدا نوێ دەکاتەوە کە ژیانی لەسەر بنەمای ڕاستی و دروستی بونیاد بنێت. ئەم بەهایە لە هەموو کات و ساتێکی ژیانماندا ڕەنگ دەداتەوە، لەو کاتەوەی کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستین و لەگەڵ خێزانەکانماندا دەست بە گفتوگۆ دەکەین، تا ئەو کاتەی لە شوێنی کارەکانمان یان لە ناوەندە خوێندنییەکاندا تێکەڵی کۆمەڵگە دەبین، چونکە ڕاستگۆیی ئەو ڕووناکییەیە، کە ناخی مرۆڤ پاک دەکاتەوە و متمانە لە نێوان تاکەکاندا دروست دەکات، بەبێ ئەو متمانەیەش هیچ پەیوەندییەکی مرۆیی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت یان بەرهەمی باشی هەبێت. مرۆڤی ڕاستگۆ هەمیشە هەست بە ئارامییەکی دەروونی قووڵ دەکات، چونکە ناچار نییە پەنا بۆ درۆ و فێڵ ببات بۆ ئەوەی هەڵەکانی بشارێتەوە یان وێنەیەکی ساختە لە خۆی نیشانی خەڵکی بدات، بەڵکو بەو شێوەیەی کە هەیە خۆی دەردەخات و ئەمەش گەورەترین پلەی ئازادییە کە مرۆڤ دەتوانێت پێیبگات، چونکە درۆکردن مرۆڤ دەکاتە کۆیلەی ئەو چیرۆکە خەیاڵیانەی کە خۆی دروستیان دەکات و هەمیشە لە ترس و دڵەراوکێدا دەبێت نەوەک ڕۆژێک ڕاستییەکان ئاشکرا ببن و ڕووبەڕووی شەرمەزاری ببێتەوە. لە ئاکاری ڕۆژانەماندا، ڕاستگۆیی تەنها لە قسەکردندا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەبێت لە کردار و نیازەکانیشماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆ نموونە کاتێک فەرمانبەرێک یان کرێکارێک کارەکەی بەوپەڕی دڵسۆزی و بەبێ کەم و کوڕی ئەنجام دەدات، ئەوە جۆرێکی باڵای ڕاستگۆییە، یان کاتێک قوتابییەک پشت بە ماندووبوونی خۆی دەبەستێت و دوور دەکەوێتەوە لە گزی کردن، ئەوە دەری دەخات کە ڕاستگۆیی لای ئەو بووەتە کولتوور و بەشێک لە ناسنامەکەی. کۆمەڵگەیەک کە بنەماکەی لەسەر ڕاستگۆیی بێت، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتووە، چونکە مامەڵە بازرگانییەکان، پەیوەندییە خێزانییەکان، و بڕیارە ڕامیاری و کارگێڕییەکان هەموویان لەسەر بنەمای زانیاری ڕاست و دروست دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کێشە و ململانێکان و زیادبوونی هاوکاری و تەبایی لە نێوان مرۆڤەکاندا. زۆرجار مرۆڤەکان وا دەزانن کە بە درۆیەکی بچووک دەتوانن لە کێشەیەک ڕزگاریان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە تەنها دواخستنی کێشەکەیە و گەورەکردنیەتی، چونکە یەک درۆ پێویستی بە چەندان درۆی تر هەیە بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێت، لە کۆتاییدا مرۆڤەکە لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی ناڕاستیدا ون دەبێت کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕێز و شکۆی لای خۆی و خەڵکیش. ڕاستگۆیی پێویستی بە ئازایەتییەکی زۆر هەیە، چونکە هەندێک جار وتنی ڕاستی ڕەنگە تێچوویەکی کاتیی هەبێت یان کەسێک تووشی ناڕەحەتی بکات، بەڵام سوودە درێژخایەنەکانی زۆر لەوە گەورەترن، چونکە مرۆڤی ڕاستگۆ وەک زێڕ وایە کە بە تێپەڕبوونی کات نرخەکەی زیاتر دەبێت و دەبێتە جێگەی متمانەی هەموان. کاتێک ئێمە منداڵەکانمان لەسەر ڕاستگۆیی پەروەردە دەکەین، لە ڕاستیدا نەوەیەک دروست دەکەین کە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و بوێری ئەوەی هەیە دان بە هەڵەکانیدا بنێت و هەوڵی چاککردنیان بدات، ئەمەش بنەمای سەرەکی گۆڕانکاری ئەرێنییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. لە کۆتاییدا دەبێت بزانین کە ڕاستگۆیی تەنها هەڵبژاردنێکی ئاکاریی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ژیانە بۆ ئەوەی بتوانین گوزەرانێکی پڕ لە مانا و شکۆمەندی بەڕێ بکەین، و هەر کاتێک مرۆڤایەتی لە ڕاستگۆیی دابڕا، ئەوا مرۆ ناوەڕۆکی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە بوونەوەرێکی بێ ئامانج کە تەنها لەناو دەمامکەکاندا دەژی، بۆیە پێویستە هەموو ساتێکی ژیانمان بکەینە دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی ئەم بەها پیرۆزە و وا بکەین ڕاستگۆیی ببێتە هەناسەی ڕۆژانەی هەڵسوکەوتەکانمان. ئەگەر بە وردی تێبینی بکەین، دەبینین ئەو کەسانەی کە لە مێژوودا ناویان بە نەمری ماوەتەوە، ئەو کەسانە بوون کە لەسەر کۆڵەکەی ڕاستی ژیاون و قوربانییان بۆ ڕاستی داوە، چونکە ڕاستی هێزێکی ناوەکی پێدەبەخشێت کە هیچ هێزێکی تر ناتوانێت تێکی بشکێنێت. مرۆڤ کاتێک ڕاستگۆ دەبێت، لەگەڵ گەردووندا هاوئاهەنگ دەبێت، چونکە سروشت و یاساکانی گەردوونیش لەسەر ڕاستی و ڕێکی پێکهێنراون، و هەر لادانێک لەم ڕاستییە دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی دەروونی و کۆمەڵایەتی. با هەوڵ بدەین ڕاستگۆیی بکەینە ناسنامەی خۆمان، نەک تەنها لەو کاتانەی کە کارەکانمان بە باشی دەڕۆن، بەڵکو زیاتر لەو کاتانەی کە ڕووبەڕووی ململانێ و ناخۆشی دەبینەوە، چونکە لەو ساتانەدایە کە ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەردەکەوێت و ڕاستگۆیی دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی مرۆڤ لە داڕمانە ئەخلاقییەکان. هەر بۆیە، دەبێت هەموو ڕۆژێک لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەمڕۆ تا چەند ڕاستگۆ بووم..؟ نەک تەنها لەگەڵ خەڵک، بەڵکو لەگەڵ ویژدانی خۆشمدا..؟ چونکە ڕاستگۆیی لەگەڵ ویژدان سەرەتای هەموو ڕاستگۆییەکانی ترە و کاتێک مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بوو، ئیتر مەحاڵە بتوانێت لەگەڵ کەسانی تردا ناڕاست بێت. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤ بەرەو کامڵبوون و بەختەوەری ڕاستەقینە دەبات و کۆمەڵگەش لە هەڵوەشانەوە دەپارێزێت، و دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهان بکەینە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان کە تێیدا متمانە و خۆشەویستی باڵادەست بێت.









