وتاری یەکەم: کورد و تره‌مپ؛ نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران


مافناس سەنار شێرۆكی
لە ناوەندی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێکی تر ناوی کورد وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە یارییە گەورەکەدا دەردەکەوێتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ چاوی لە “کارتی کوردی”یە وەک ئامرازێکی فشار لە دژی تاران. کوردەکان کە وەک “سێبەری شاراوە” لەسەر سنوورەکان وەسف دەکرێن، تەنیا کەمینەیەکی نەتەوەیی نین؛ بەڵکو خانەیەکی زیندووی ئامادەکراون کە توانای گۆڕینی یاساکانی یارییەکەیان هەیە.
ئەم بابەتە زنجیرە وتارێکی شیکارییە کە لە پێنج بەشی سەرەکی پێکدێت؛ تێیدا تیشک دەخەینە سەر پەیوەندییە نوێیەکانی تره‌مپ و کورد، ستراتیژیەتی جوگرافیای زاگرۆس، ڕۆڵی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێم، مێژووی دابەشبوونی کورد، و لە کۆتاییشدا سیناریۆکانی ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی ئێران بەهۆی ئەم کارتە فشارەوە. ئەمڕۆ پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا تره‌مپ سوپایەکی کوردی لە دژی ئێران کۆدەکاتەوە؟ لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕوو لە هەڵکشانێکی بێوێنەن، هێزە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باکووری عێراق و سەر سنوورە درێژەکانی ئێران، بوونەتە ئامانجی سەرەکیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی. ئەمە تەنیا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی سادە نییە، بەڵکو ئامادەکارییەکی وردە بۆ سیناریۆیەک کە مێژوویەکی قووڵی لە حیساباتە سەربازی و هەواڵگرییەکاندا هەیە. واشنتۆن باش دەزانێت کە کوردەکان “سێبەری شاراوەی” سەر سنوورەکانن و کلیلی هەر گۆڕانکارییەک لە قووڵایی خاکی ئێراندا لە دەستی ئەواندایە.
بەکاربردنی “کارتی کوردی” لە لایەن ئەمریکاوە دەتوانێت هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی بگۆڕێت. کورد تەنیا کەمینەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو هێزێکی خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندی شەڕی چەکداری، ڕێکخستنی سیاسی و ناسراوی مەیدانییە لە ناوچە هەرە هەستیارەکانی وەک زاگرۆس. ئەم پەرەسەندنە تاران دەخاتە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەی دوو لایەنە: فشارێکی دەرەکی توند و ڕاپەڕینێکی چەکداریی ناوخۆیی کە دەتوانێت پایەکانی دەسەڵات بلەرزێنێت.