«هەرێمی کوردستان و ئۆپۆزیسیونێکی ناتەندروست»
لەهەر سیستەمێکی دیموکراتیدا، ئۆپۆزیسیون واتە چاودێرێکی تەندروستە بەسەر ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، لەنێو سیستەمە سیاسییە دیموکراسیەکاندا ئۆپۆزیسیون و دەسەڵات لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا کوک و تەبان و ئەمەیان بۆ هەردوو لا هێلی سورە؛
بۆیە گەر ئۆپۆزیسیون تەندروست بێت گەشەسەندنی وڵات خێراتر دەبێت و قۆناغ بۆ قۆناغ بەرەو بەهێزبوون هەنگاو دەنێت لە هەموو ڕویێکەوە، بەڵام کاتێک ئۆپۆزیسیون ناتەندروست بێت، ئەوا نەک هەر زیان بە بەرژەوەندی گشتی وڵات دەگەیێنێت بەڵکوو ئۆپۆزیسیون خۆی دەکەوێتە نێو بازنەی دژایەتیکردنی وڵات و هەرگیز نابێتە بەشێک لە چارەسەر.
نیشانەکانی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناتەندروست لە هەرێم: ئۆپۆزیسیونی هەڵبژاردن تا هەڵبژاردن؛ زۆر حیزب تەنها ٣مانگ پێش هەڵبژاردن دەردەکەون و قسە دەکەن، دوای هەڵبژاردن بێدەنگ دەبن. واتە ئۆپۆزیسیون بووەتە کەمپەین، نەک پرۆژە؛
هەروەها لەبری ئەوەی ئەلتەرناتیڤ یاخود جێگرەوە پێشنیار بکەن، تەنها دەڵێن هەموو شتێک خراپە، بۆ نموونە دەڵێن بودجە خراپە، بەڵام بودجەی جێگرەوەیان نییە. دەڵێن سیستەمی پەروەردە شکستی هێناوە، بەڵام پلانی خوێندنی نوێیان نییە. و لەبری ئەوەی لەسەر سیاسەت و پرۆژە ململانێ بکەن دەچنە سەر کەس و خێزان و ناوچە، ئەمە هی فلانە حیزبە، ئەوە هی فلانە ناوچەیە. ئەمە “یەکێتی نەتەوەیی” ڵاواز دەکات.
هەندێک حیزبی ئۆپۆزیسیون لە پەرلەمان دەنگ بە یاسا دەدەن، دوای لە ڕاگەیاندندا دەڵێن دژی ئەو یاسایەین. یان لە حکومەتی ناوەند وەزیریان هەیە، لە هەرێمیش بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزیسیون.
کەم جار دەبینی ئۆپۆزیسیون بۆ چارەسەر پشتی بە خەڵک و دامەزراوەی ناوخۆ ببەستێت. زۆرجار چاوەڕێی پاڵپشتی دەرەکی دەکات. ئەمە سەربەخۆیی بڕیاردان ڵاواز دەکات و، وێنەیەکی ڵاواز پێشانی دەرەوە دەدات و بیانوو دەدەنە دەست نەیارانی دوزی ڕەوای کورد و بۆشایی سیاسی فراوان دەکەن.کۆتایی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزیسیون هەیە، بەڵام ئۆپۆزیسیونی وڵاتپارێز. ئۆپۆزیسیون نابێت دوژمنی حکومەت بێت، دەبێت دوژمنی هەڵە بێت.
ئۆپۆزیسیون نابێت تەنها بۆ شکاندنی دەسەڵات بێت، دەبێت بۆ بنیاتنانی وڵات بێت. کاتێک دەسەڵات و ئۆپۆزیسیون هەردووکیان بۆ خەڵک کار بکەن، ئەوکاتە گەشەی بەردەوام دێتە ئاراوە.
Razhan Stuni









