میللەت بە چی #پێش_دەکەوێ؟
➊ میللەت بە پەروەردەکردنی مرۆڤی وشیار، بەرپرسیار و ڕەوشتبەرز پێش دەکەوێ، نەک بە دروستکردنی تاوەر و باڵاخانەی بەرز.
➋ پێشکەوتنی میللەت بە زانست، هۆشیاری و داهێنان بەدی دێت، نەک بە چاولێکەری و مۆدە و بەستەڵەکی هزری.
➌ سامانی ڕاستەقینەی میللەت، ئەو بەهرە و توانایەیە کە لە مێشکی نەوەکانیدا هەڵگیراوە، نەک ئەو سەروەتەی لە ژێر زەویدایە.
➍ هێزی میللەت لە چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسادایە، نەک لە تیرە و تایفە و عەشیرەتگەرایی.
➎ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بە کرداری سوودبەخش دێت، نەک بە قسە و دروشمی بریقەدار.
➏ میللەت تەنیا بە هاوردەکردنی تەکنەلۆژیا پێش ناکەوێ، بەڵکوو بە بیرکردنەوەی نوێ و بەرهەمهێنانی داهێنان گەشە دەکات.
➐ میللەت بە بڕوانامەی بێ ناوەڕۆک پێش ناکەوێ، بەڵکوو بە زانیاریی قووڵ، لێهاتوویی و کردار پێش دەکەوێ.
➑ قوتابخانە بۆ میللەتی تێگەیشوو،
تەنیا ناوەندی وەرگرتنی زانیاری نییە، بەڵکوو مەڵبەندی دروستکردنی کەسایەتیی بیرمەند و بەرپرسیارە.
➒ میللەت کاتێک سوود لە خوێندنەوە وەردەگرێت، کە ببێتە بەها و بنەمایەک بۆ ڕەفتار و شێوازی ژیان، نەک تەنیا هۆیەک بۆ سەرگەرمی.
➓ زانیاریی بەبێ ڕەوشت و ویژدان، زیانی بۆ میللەت لە سوودەکەی زیاترە، چونکە بەرەو یاخیبوون پەڵکێشی دەکات.
⓫ ناسنامەی سەرکەوتنی هەر میللەتێک، لە ڕێزگرتن لە کات و چۆنیەتیی بەکارهێنانیدا ڕەنگدەداتەوە، نەک چرای کاتەکەی بە نووستن و ڕابواردندا خامۆش بکات.
⓬ پێشکەوتنی میللەت بە قبووڵکردنی جیاوازییەکان و کارکردن بۆ داهاتوویەکی هاوبەش دەبێت، نەک سەرقاڵبوون بە ناوزڕاندنی یەکتر.
⓭ چاکسازی و پێشکەوتنی میللەت لە پۆلەکانی قوتابخانە و گۆڕانی ڕەفتاری تاکەوە دەست پێدەکات، نەک لە پشت مێزی بەڕێوەبردن و گۆڕینی بەرپرسان.
⓮ بۆ میللەتی زیندوو، پەروەردەی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ فێری «چۆنیەتی بیرکردنەوە» بکات، نەک فێری ئەوە بکات کە « بیر لە چی بکاتەوە».
⓯ میللەتی وشیار ئەو میللەتەیە کە دۆست و دوژمنەکانی بناسێ و دەستبەرداری مافەکانی خۆی نەبێت.
⓰ میللەت کاتێک سەرکەوتن لە ئامێز دەگرێت، کە تەبا و یەکگرتوو بێت، خاوەن پلان و ستراتیژی خۆی بێت، لە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی دوورکەوێتەوە.
جگەرسۆز
٢٠٢٦/٧/٢١









