مێژوویەک لە سادەیی و داهاتوویەکی نادیار
ستار ئەحمەد
مرۆڤایەتی لە مێژووی خۆیدا هەمیشە لە نێوان ناسنامە جیاوازەکاندا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی ئارامی، بەڵام بۆ کورد ئەم گەڕانە بووەتە گەشتێکی پڕ لە هەوراز و نشێو. نەتەوەیەک خاوەنی مێژوویەکی دێرین و خاکێکی دەوڵەمەند بێت، هێشتا لە نێوان پێناسەی خۆی وەک بڕوادار یان وەک کورد لە دوودڵیدا بژیت، نیشانەی قەیرانێکی قووڵی هۆشیارییە. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە شاراوەکانی ئەو ململانێیە دەروونی و سیاسییەی تاکی کوردی خستووەتە ناو بازنەیەکی داخراوەوە. لە ناوچەیەکدا بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێش هەموو بەهایەک دەکەوێت، کورد زۆرجار سۆزی خستووەتە پێش ئەقڵانیەت، ئەمەش وایکردووە لە هاوکێشە جیهانییەکان و ڕێککەوتننامە نوێیەکاندا، هەمیشە وەک لایەنێکی لاواز و پاشکۆ دەربکەوێت.
زلهێزەکان و وڵاتانی دەوروبەر، نەخشەی نوێ بۆ داهاتووی خۆیان دەکێشن، تاکی کورد هێشتا لە نێوان بەرداشی سۆزی ئایینی و نائاگایی ئابووریدا دەهاڕدرێت.
لێرەدا پێویستە تاکی کورد لە ڕاستییەکی خودایی و گەردوونی تێبگات؛ نەتەوە تەنها ناو نییە، بەڵکو قەڵغانێکە بۆ پارێزگاریکردن لە هەموو پیرۆزییەکانی مرۆڤ. تۆ کاتێک خاوەنی نیشتمان و نەتەوەیەکی ئازاد نەبیت، داکۆکیکردن لە هەر بیروڕا و بڕوایەک مەحاڵە. شکۆ، سەربەرزی، پیرۆزی و بوونی هەر تاکێک لەسەر بنەمای نەتەوەکەی وەستاوە.
بێ بوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ، مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت خاوەنی بڕوای ڕاستەقینە بێت، چونکە خودا دەرگای سەرکەوتن لە هەردوو جیهان بۆ ئەو گەلانە ناکاتەوە پاشکۆی نەیارەکانیان بن و نەتەوەی خۆیان فەرامۆش بکەن. نەیارانی کورد، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی نەتەوەگەرایی خۆیان لە ژێر پەردەی ئاییندا حەشار داوە، زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتوون تاکە ڕێگە بۆ ڕێگری لە سەربەخۆیی کورد، بەکارهێنانی پیرۆزییەکانە دژی خودی کورد. ئەوان لە ڕووداوە مێژووییەکاندا سەلماندوویانە ئایین لای ئەوان تەنها کەرەستەیەکە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان، بەڵام بۆ کورد بووەتە زنجیرێک دەستی نیشتمانەکەی پێ دەبەسترێتەوە.
ئەم واقیعە تاڵە کاتێک دەگاتە لوتکە دەبینین سەرمایە و دارایی کورد، لە جیاتی ئەوەی ببێتە بەردی بناغەی ژێرخانێکی نەتەوەیی، دەڕژێتە ناو بازاڕەکانی ئەو وڵاتانەی لە کاتە هەستیارەکاندا نەک تەنها هاوکار نین، بەڵکو دەبنە پشتیوانی سەرەکی بۆ هەر هێزێکی توندڕەو بیەوێت خاک و خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێت. ئەمە ئەو شوێنەیە نەیاران بە ساویلکەیی ناوی دەبەن؛ کاتێک تۆ بە دەستی خۆت چەک بۆ نەیارەکەت بکڕیت و ئەویش هەر بەو چەکە ماڵەکەت وێران بکات. مێژوو پێمان دەڵێت کورد زۆرجار بە ناوی برایەتییەوە پشتی لەو هێزانە کردووە دەتوانن لە ئاستی جیهانیدا پاڵپشتی بن، لە بەرامبەردا ڕووی کردووەتە ئەو دەوڵەتانەی تەنها وەک ئامرازێک بۆ کات کوشتن سەیری دەکەن. کاتێک بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ یەکتردا یەک دەگرێتەوە، یەکەم قوربانی لەسەر مێزی ڕێککەوتنەکانیان سەری دەبڕن، تاکی کوردە.
لە ڕووی سیاسییەوە، کورد تووشی جۆرێک لە گێژاوی ناسنامە بووە، چونکە نەیارەکانی توانیویانە ئەو تێگەیشتنە بچەسپێنن دژایەتیکردنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان یانی دژایەتیکردنی ئایین.
ئەم فێڵە سیاسییە وایکردووە کورد لە جیاتی هاوپەیمانی لەگەڵ گەلانی ئازادیخواز، ببێتە بەشێک لە بەرەی ئەو هێزانەی لە بنەڕەتدا بوونی کوردیان قبوڵ نییە.
لە ڕەهەندی ئابووریشدا، جێگەی داخە کورد بەبێ هیچ پلانێکی نەتەوەیی، بازاڕی خۆی کردووەتە مەیدانی ساغکردنەوەی کاڵای ئەو دەوڵەتانەی لە ڕاستیدا دەیانەوێت کورد هەر بە پاشکۆیی بمێنێتەوە. هەر دراوێکی تاکی کورد دەیدات بەو وڵاتانە، دەبێتە فیشەکێک و سنگ و جەستەی نەوەکانی خۆمانی پێ دەپێکدرێتەوە. ئەمە شکستی هۆشیاریی ئابوورییە ناهێڵێت تێبگەین سەربەخۆیی پێش هەر شتێک لە گیرفان و لە بازاڕەوە دەست پێ دەکات. نەیارانمان زۆر بە باشی دەزانن کوردێک خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز بێت، هەرگیز بە دروشمی بریقەداری ئایینی و نەتەوەیی وڵاتانی تر هەڵناخەڵەتێت.
ئەوان پارەی کورد بۆ سەرکوتکردنی کورد خەرج دەکەن، کوردیش بەهۆی سۆزێکی کوێرانەوە، چەپڵە بۆ ئەو هەنگاوانە لێ دەدات. لە لایەکی ترەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە خۆبەکەمزانین و تێکچوونی شیرازەی ناوخۆیی. کاتێک تاکێکی کورد پیرۆزیی نەتەوەکانی تر بخاتە سەرووی مافەکانی خۆی، ئیتر ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی بەهێز و یەکگرتوو بونیاد بنێت.
نەیارانمان لە ڕێگەی میدیا و سەکۆ جیاوازەکانەوە کار لەسەر دەروونی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن تا وای نیشان بدەن پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی جۆرێکە لە لادان. ئەم پاشکۆیەتییە کۆمەڵایەتییە وایکردووە کورد هەمیشە چاوی لە دەستی بێگانە بێت، لە کاتێکدا ئەو بێگانەیە هەر بە پارە و سامانی کورد خۆی پێگەی خۆی قاییم کردووە.
ئەم خولانەوەیە لە ناو بازانەی خەیاڵ و سۆزدا، وایکردووە کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک نەتەوەیەکی پاشکۆ دەربکەوێت. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ بە ناوی ئایین و مێژووەوە کورد لە خشتە دەبەن، لە بنەڕەتدا تەنها باوەڕیان بە یەک پیرۆزی هەیە، ئەویش بەهێزکردنی نەتەوەی خۆیانە. ئەوان ئایین بەکاردەهێنن تا کورد لە هێزە جیهانییەکان داببڕن و وەک نەتەوەیەکی دواکەوتوو و توندڕەو پیشانی بدەن، تا لە کاتی هەر هێرش و دابەشکارییەکدا، جیهان بێدەنگ بێت.
کاتی ئەوە هاتووە تاکی کورد لەو خەوە غەفڵەتە بەئاگا بێتەوە و تێبگات نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە لەوەوە دەست پێ دەکات بەرژەوەندیی نەتەوەکەت بخەیتە سەرووی هەموو ئەو دروشمە بریقەدارانەی نەیاران بۆت دادەڕێژن.
پێویستە هۆشیارییەکی گشتگیر دروست بێت ڕێگە نەدات چیتر دارایی و هێزی مرۆیی کورد ببێتە سووتەمەنی بۆ بەهێزبوونی ئەو قەوارانەی لە ناخەوە بڕوایان بە مرۆڤایەتی و مافی کورد نییە. مانەوەی کورد لەم دۆخەدا، تەنها خزمەت بەو نەخشە و پیلانانە دەکات دەیانەوێت کوردستان هەمیشە وەک پارچەیەکی دابەشکراو و بێ ئیرادە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بمێنێتەوە.









