«میدیا و ئافرەت: لە نێوان هاوسەنگی پێگەی پیشەیی و وێنەی کۆمەڵایەتیدا»
میدیا و ڕاگەیاندن بە یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ دادەنرێت، چونکە هێزێکی کاریگەری هەیە لە دروستکردنی ڕای گشتی، پیشاندانی بیرکردنەوەی خەڵک، و گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتییەکان لە نێو ئەم جیهانە شاشەیی و دەنگیەدا ڕۆڵی ئافرەت نەک هەر گرنگە بەڵکو پێوەرێکە بۆ پێشکەوتن یان پاشەکشەی هەر کۆمەڵگەیەک، بەشداریکردنی ئافرەتان لەم کایەیەدا مێژوویەکی پڕ لە ململانێ و دەستکەوتی هەیە.
ڕۆڵی ئافرەت لە پشت و پێشی کامێراکان جیاوازە
ئامادەیی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندندا تەنها لە ڕوواڵەت یان پێشکەشکردنی بەرنامەدا قەتیس نەبووە، بەڵکو بەسەر چەندین ئاستی جیاوازدا دابەش دەبێت:
میدیاکاری مەیدانی و پەیامنێری: ئافرەتان سەلماندوویانە کە دەتوانن لە قووڵایی ڕووداوەکاندا بن تەنانەت لە ناوچەکانی ململانێ و جەنگیشدا (وەک چۆن لەم ساڵانەی دواییدا لە جیهان و کوردستاندا بینیمان) دەتوانن ڕاستییەکان بگوازنەوە.
میدیای دیجیتاڵی و نوێ: لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئافرەتان بوونەتە خاوەن دەنگی سەربەخۆی خۆیان و دەتوانن بەبێ فلتەری دەزگا باوەکان کێشەکانیان بخەنە ڕوو.
سەرەڕایی توانا و لێهاتووی ئافرەتان هێشتا کۆمەڵێک ئاستەنگ هەن کە ڕەنگە ئێستا ڕێژەکە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەم بووبێ بەڵام بەپێی پێویست بنبڕ نەبووە بە نموونە لەم چەند خاڵەدا؛
گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئافرەتی میدیاکاردا سەیرکردنیەتی لە ڕوانگەی ڕوواڵەت و جوانییەوە نەک لێهاتوویی و بیرکردنەوەی.
لە زۆرێک دەزگا میدیاییەکانی ڕاگەیاندندا بەداخەوە هەندێک کات پێوەر و مەرجەکان بۆ ئافرەتان بۆ پەسەندکردنیان و وەرگرتیان بە بێژەر و پێشکەشکار و هەتا پەیامنێری مەیدانیش زیاتر گرینگی بە (تەمەن و شێوەی ئافرەت دەدرێت، دەتوانم بڵێم لە ڕوانگەی جوانیەوە ڕەنگە پەسەند بکرێت نەک زیرەکی و لێهاتووی پیشەکەی) بەڕایی من پێوەری یەکەم دەبێت تاقیکردنەوەی ئاستی زیرەکی و لێهاتووی بکرێت و بزاندرێت تا چەن پیشەییانە دەبێت نەک ئەوەی کە مایک بەدەستەوە گرتن و بوون بە بێژەر بە شێوەیەک ئاسان بێت هەموو کەس بتوانێت.
هێشتا هەندێک کات لە کۆمەڵگەدا کارکردنی ئافرەت لە کاتەکانی شەودا یان گەشتکردنی بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان وەک کارێکی نەشیاو سەیر دەکرێت و بەشێوازێک باس دەکرێت وەکو ئەوەی کارێکی خراپی ئەنجام دابێت ئەمە لەکاتێکدا دەبێت کۆمەڵگا لەچاوی پیشەکەوە سەیر بکات نەک لایەنەکانی دیکە.
ئافرەتانی میدیاکار زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی هێرشی ڕەخنەیی نادروست دەبنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆرکات بەشێوازی نابەجێ و نادروست بە قسەیەک یان ڕەفتاری بێژەرێکی ئافرەت چەندان ڤیدیۆ و قسەی نابەجێی لەسەر دەکرێت لەکاتێکدا ڕەنگە هەندێک کات بابەتەکە ئەوەندە هەڵنەگرێت.
دەرەنجام و ڕاسپاردەکان
بۆ ئەوەی میدیا ببێتە ژینگەیەکی تەندروست بۆ ئافرەتان و بتوانێت ڕۆڵی ڕاستەوخۆی خۆی بگێڕێت پێویستە:
یاسای توند هەبێت بۆ پاراستنی میدیاکاران لە هێرشە دەروونییەکان.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی فیکری نەک سەرنجڕاکێشیی ڕوواڵەتی کارمەندەکانیان هەڵبژێرن.
وێنەی ڕاستەقینە و ئەرێنی و هۆشیاری ئافرەتان پیشانبدرێت بە نموونە( نیشاندانیان وەک خاوەن کار یان سەرکردە، سەرچاوەی هێز، خۆڕاگری، توانای بڕیاردانیان لەکاتە سەختەکان) لەکاتێکدا ئافرەتان خودی هێزن.
میدیا بەبێ دەنگ و ڕوانینی ئافرەت میدیایەکی ناتەواوە و تەنها نوێنەرایەتی نیوەی کۆمەڵگە دەکات، سەرکەوتنی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندندا سەرکەوتنی گشت کۆمەڵگەیە بەرەو دیموکراسیەت و یەکسانی.
زەنوێر جـاف









