دەستپێشخەری جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی ڕەوشەکە لە بارەگای بارزانی هەنگاوێکی سیاسی و مێژوویی بوو
لـیزا فـەلـەکـەدیـن کـاکـەیـی.
دەستپێشخەری جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی ڕەوشەکە لە بارەگای بارزانی هەنگاوێکی سیاسی و مێژوویی بوو کە ڕێگربوو لە ڕوودانی کارەساتی گەورەتر لە ڕۆژئاوا و هێنانەکایەوەی دەرفەتی ئاگربەست بۆ ئەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی ئێستای سووریا بکرێتەوە، دواتر بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا سوپاسی ئاراستەی بارزانییەکان کرد بۆ ڕۆڵی کاریگەر و پشتیوانییە سەرەکییەکانیان بۆ لێک تێگەیشتن و ئاشتەوایی لە نێوان پێکهاتەکان لە ڕۆژئاوا.
بەرگری و خۆڕاگری و ئیرادەی بێ کۆتایی کوردانی ڕۆژئاوا بەتایبەتیش ڕۆڵی ئازایانەی کچ و ژنانی کورد، پەیامێک بوو بۆ جیهان کە ئەگەر کورد تەنهاش بێت بەڵام خۆشەویستی خاک لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەر تاکێکی کورد بە ژن و پیاوەوە لە ناخیدا جەنگاوەرێکی چاونەترس هەیە.
خۆپیشاندانی هەزاران کەس و ئەنجامدانی ڕێپێوانی ڕۆژانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان و ڕەوەندی کوردی دەنگی کوردیان زیاتر و زیاتر گەیاندە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بڕیاردان.
ئەم ماوەیە دەرکەوت کورد لە هەرێم و لە پارچەکانی دیکەش توانیویەتی ببێتە خاوەن لەشکرێکی میدیایی کاریگەر کە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیش توانای ئاراستەکردنی ڕای گشتیان هەیە بە مەرجێک یەک ڕا و یەک سیاسەتی بەرگریکاریان هەبێت لە پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکاندا وەکو ئەوەی کە ئێستا بەدیدەکرێت.
ئەوەی دڵخۆشکەرە بەشێکی زۆری ئەو میدیا و میدیاکارانەی ناوخۆی هەرێم کە ڕۆژانێک بەهۆی جیاوازی سیاسییەوە وتار و هەواڵی توندیان بەرامبەر بەیەکتر هەبوو وەلی ئەمڕۆ زۆر جیاوازتر و بە سیاسەتێکی نیشتیمانییەوە بۆ ڕۆژئاوا هەمان پەیام و وتار و داخوازیان هەیە.
لە هەمووشی گرنگتر ژمارەیەک میدیای کاریگەر ئەمڕۆ بوونەتە میمبەرێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و دەستی هاوکاری خێرخوازانی کوردانی هەر چوارپارچە.
دەرئەنجام، ئەم تابڵۆ یەک ڕەنگەی ئەمڕۆمان کە ڕۆژئاوا هۆکاری نەخشاندنی بوو پێویستی بە پاراستنە، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی گەورەیە بەسەر شانی هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانەوە.
ئەگەر پێکەوە توانیمان چوارچێوەیەکی موحکەم و تەواو کوردانە بۆ ئەم تابڵۆیە بسازین ئەوسا گوزەرکردن بەم قۆناغە پڕ لە شەڕ و وێرانکارییەی ناوچەکە ئاسانتر دەبێت و زیان و مەترسییەکانیش کەمتر.
سوپاس بۆ ڕۆڵی بارزانییەکان، سڵاو لە روحی شەهیدانی سەربەرزی ڕۆژئاوا و بەردەوامی بۆ بەرخودان و ئازایەتی کوردانی هەرچوارپارچە و دەستخۆشی بۆ میدیای کوردی.
ئێوە توانیتان کاریگەربن لە هێنانەدی ئاگربەست و پاراستنی گیانی هەزاران منداڵ، پیر، گەنج و ئافرەتی کورد هەروەها بوون بە تروسکەیەک بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی جۆش و خرۆشی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد.









