دا*عش دەستی بە جمووجۆڵ کردووە و شەش گوند چۆڵکران

دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، جموجوڵی چەکدارانی داعش لە سنووری “داودە” (نێوان کفری و خورماتوو) سەریهەڵداوەتەوە و بەهۆی مەترسییەکانەوە شەش گوند چۆڵکراون.

چەکدارەکان بە سوودوەرگرتن لە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە ماتۆڕسکیل دەگەڕێن و مینیان داناوەتەوە، هاوکات بە چەکی قەناس تەقە لە شوانکارەکان دەکەن، کە دوایین جار تەقەیان لە شوانکارێکی گوندی “دوڕاجی” کردووە.

لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکە ڕایگەیاند: “ماوەی سێ ڕۆژە چەکدارانی داعش جووڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە و مەترسییان دروست کردووە.”

بەهۆی سەختی دۆخەکە و نەبوونی هێڵی پەیوەندی، لە کۆی 52 گوندی ناوچەکە، تا ئێستا 6 گوند بەتەواوی چۆڵکراون، بەتایبەت گوندەکانی (غەڕە و پەڵکانە).