جیهان ژیانمان پێ دەفرۆشێت


نووسینی: كەمال كوردی
من تێناگەم بۆ چی دەبێت بۆ ژیانی سەر ئەو هەسارەیەی تێیدا لەدایكبووین پارە بدەین؟
ساتێك بیری لێبكەوە!
كاتێك یەكەم هەناسەت هەڵمژی، مەگەر گرێبەستێكت واژوو كرد؟!
مەگەر قبوڵت كرد كە شوێنێكی زەوی بە كرێ بگری؟
كە واتە بۆ چی هەر شتێك كە بۆ زیندوومانەوەمان پێویستە وەك خۆراك، ئاو، زەوی هەر هەموویان بەها و نرخیان هەیە؟!
جا پرسیارە سەرەكیەكە ئەوەیە: بەڕاستی ئێمە پارە بە كێ دەدەین؟
كێ بڕیاریداوە خاوەنی زەوی بێت؟ ئاو و سەرچاوەكان بە هی خۆی بزانێت؟
ئەوە كێ بوو كە ڕۆژێك ڕاوەستا و گوتی: هەمووی ئەمانە هی منە و ئێوە بۆ مانەوە و زیندوو بوون، قەرزاری منن؟
ئێستاش سەیرێكی ئەو ئاوەی بكە كە زۆرترین شوێنی هەسارەی داپۆشیوە. لە ئاسمانەوە دەبارێ و بۆ ژیان زەرووری و پێویستە.
ئەگەر كەسانێك خەریكە لە بێ ئاویان و تێنووتی دەمرن، لە جیاتی ئەوەی بە ملیۆنان دولار سەرفی شەڕ بكەین، دەتوانین كارگەی پاڵاوتنی ئاوی شیرین بنیات بنیین و ئاو بگەیێنینە هەر كەسێك. ئەم تەكنۆلۆژیایەش هەیە، بەڵام ئایا بەكاری دێنین و سوودی لێوەردەگرین؟
نەخێر، چونكە ئەگەر خەڵك بتوانن بە خۆیان خۆ بەرێوە ببەن و پێداویستیەكانیان فەراهەم بكەن، ئیدی لە كۆنترۆڵ دەرئەچن.
ڕاستیەكەی ئەوەیە كە كەمبوون و یانیش نەبوون درۆیەكی گەورەیە. هەم خۆاركی پێویست هەیە و هەم زەوی و هەمیش سەرچاوەكان بەشی هەموومان دەكات. بەڵام ئەگەر خەڵك نیازمەندی دەسەڵات و حكوومەتەكان نەبن ئەوا كۆمپانیاكان و بانكەكان هێز و توانا و دەسەڵاتی خۆیان لەدەست دەدەن. هەر بۆیە دێن و شەڕ و جەنگ دەخوڵقینن، بە جۆرێك پلان دادەڕێژن كە تۆ هەمیشە دەرگیر و دەستەویەخەی كار كردن بی، هەمیشه خەرج بكەی و سەرف كەی و هەمیشەش شتێكت لە ژیاندا كەم بێت و بۆی هەوڵبدەی. تۆ تەنیا پارەی ژیانت نادەی، بەڵكۆ وا خەریكە بۆ مانەوە لەم قەفەزەی خۆتدا پارە دەدەی…!!

(كوردی-2026)