ئۆنلاین بێت یان دیجیتاڵی
بە زمانێكی سادە و راو سەرنجم هەمیشە ، لە هەر بابەتێكدا دەیخەمە روو ، كەسانی تێگەیشتوو ، لێم نزیك دەبنەوە ، كەسانی بەرژەوەندیخواز دوور دەكەونەوە .
من قسەی خۆم هەیە و هەر دەیكەم ، بە گشتی خوێندنی دیجیتاڵی یاخود ئۆنڵاین ، بژاردەیەكی باش نیە لە كاتی ئاساییدا ، بەڵام وەك دەڵێن دوا بژاردەیە لەبەر ناسەقامگیری ئەوە دەبێ پەسەند بێت لە سەدا سەد ، هەروەها ئەو پرۆسەیە كاتییە هەموو دەزانیین ماوەكەی لە مانگێك كەمترە . مەبەستیش تێیدا دەربازبوونی پرۆسەی خوێندنە و هیچی تر .
هاورێیان واتا خوێندنی ناچاری لە كاتێكی نائاسایی .
پرسیارێك دەكەم بۆ هەموو مامۆستایان ، ئەگەر منداڵێكت هەبێت ، با بڵێین قوتابی ماستەرە وگوتیان دەبێ بێتە زانكۆ لەهەموو بارودۆخێك یان لەو بارودۆخە ، خوانەخواستە تووشی كارەستێك بوو بەهۆی ئەو درۆنانانەوە و پەنجەیەكی بە خوێن هات ، هەموو بڕوانامەی دونیا قەرەبووی برینێك دەكاتەوە ؟
باوەڕ بكەن بەرگری كردن نیە لە بڕیاری وەزارەت ، وەك خۆشم منداڵی قوتابیم نیە ، بەڵام گیانی رۆڵەكانمان لا شیرین بێت .
دڵنیام لەوەی كە ئەو شێوازە خوێندنە لە سەری رانەهاتووین ، سەركەوتووش نیە ، بەڵام ناچارییە و دەبێ ئێمە بزانیین چۆن لەگەڵی رادێین .
با بێم باسی ئەو ماوەیە بكەم كە پێویستیمان بە خۆپارێزی و ئەو خوێندنەیە .
ئێمە تەلەفزیۆنی پەروەردەییمان هەیە ، ئی وانەمان هەیە ، قوتابخانەكەم ، گروپی قوتابخانەكان ، تەنها دەمانەوێت پەیوەندی قوتابخانەو قوتابی نەپچرێت . ئەگینا ئەگەر لە من بپرسی ، ئاگادارم كە لە مانگی 1 و 2 ، زۆرینەی بابەتەكان خوێندراون ، تاقیكردنەوەكان ئەنجام دراون ، خۆ مامۆستا هیچ نەبێت ئەو بابەتانەی خوێندراوە بیری قوتابی بهێنیتەوە ، كافییە .
ئیدارە لەو ماوەیە پێویستە نمرەكانی 10 20 10 لە مامۆستایان وەربگرێت ، ئاگاداریان بكاتەوە كە پرسیارەكانی كۆتا وەرز ئامادە بكەن ، بەمەرجێك پرسیارەكان ئاسان و مامناوەند بن ، بۆ نالێم زەحمەتی تیا بێت یان فكری تێدا بێت ، چونكە مرۆڤ دەبێت هەڵسەنگاندنی هەبێت بۆ بارودۆخەكە .
بەرای من خوێندنەوەی هەندێك لە پەروەردكاران و رەتكردنەوەی هەموو شێوازێك و هەموو بڕیارێكی پەروەردە راست و دروست نیە .
لە حاڵەتی ناسەقامگیر ، هیچ شتێك سەقامگیر نابێت ، بۆیە با هەموومان ئەو دۆخە تێپەرێنیین ، هەر یەكەو بەپێی ئەو بەرپرسیاریەتییەی كە دەكەوێتە ئەستۆی .
پێشنیار زۆرن ، بیركردنەوەی جیا جیا هەن ، مەرج نیە هەموومان راست بین ، بەڵام دەرەنجام یەك رێگا دەبێ لە نێو پێشنیارەكان هەلبژێردرێت و ببێتە نەخشە رێگا و دەرباز بوون لە كۆتایی هێنان بە ساڵی خوێندن بە كەمترین زیان .
ئەركی قوتابی قورس مەكەن ، بابەت زۆر خوێندراوە ، نمرەكان بوونیان هەیە ، ئارامی و هێمنی ببەخشننە قوتابی و خانەوادەكانیان ، سەلامەتی هەر قوتابییەك ، مامۆستایەك ، پەروەردكارێك هەموو دونیا دێنێت
دوژمنانی كورد وەك سەگی هار كەوتوونەتە گیانمان و بەرۆكمان بەرنادەن ، ئەوەی ئەو دۆخە ناهەموارەی دروست كردووە لە خۆشی ئێمە نیە ، بەڵام نابێ چاوەڕوانی نەهامەتی دیكە بین ، عەقڵ و لۆژیك گرنگە لە كاتە سەختەكاندا .
شەڕی كەموكوڕییەكانی پەروەردە دەكەین لە كاتی ئاسایی و دەیان ماف و شایستە هەیە ، كە لێی مەغدوورین ، بەڵام ئەمڕۆ دەبێ چاومان لە منداڵەكانی ئەو وڵاتە بێت .
تا دەكرێت ئاسانكاری بكەن چ ئیدارەكان ، چ مامۆستایان ، چونكە هەمیشە ئێوەن ئەو كۆمەڵگەیە لە هەر نەهامەتییەك و ئاستەنگییەك دەپارێزن ، خوا بتانپارێزێت .
سوهەیل تاهیر …. سەرپەرشتیاری پەروەردەیی









