بۆ كوردستان پارچە پارچە كرا؟


ئەگەر بتەوێت بزانی بۆ كوردستان پارچە پارچە كرا، پێویستە تەنیا لە یەك شت تێبگەی ئەویش ” نەفت”ە
سەرەتای سەدەی بیستەم، دونیا خەریكبوو لە بەردە خەلۆزەوە بەرەو نەفت دەڕۆیشت، بە تایبەتیش دوای ئەوەی وینستۆن چەرچیل بڕیاریدا كە وا هێزی دەریایی بە نەفتەوە ببەستێتەوە. واتا هەموو هێزی سەربازیی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا وابەستەی نەفت كرا.
جا پێتان وایە نەفت لە كوێ بوو؟
بەڵێ نەفت لەناو جەرگەی كوردستان بوو، بەتایبەتیش لە موسل و مەسجد سولەیمان و كرمانشان و كەركووك.
هەر بۆیەش لە هەندێ كۆنفرانسی وەك ” سەن ڕیمو كۆنفرانس” مشتومڕ و قسە سەرەكییەكە هەر خەڵك نەبوو…. بەڵكۆ مشتومڕەكان ئەمە بوو كە ” كێ نەفتەكە وەردەگرێت و دەیبات؟”
بەریتانیا گوتی: موسل دەبێت هی ئێمە بێت
فەرەنسا گوتی: پشكی نەفتمان دەوێت
ئینجا ئەنجامەكە؟؟
ئەوە بوو كە هەر هەمان ڕێككەوتنی “كەدمەن-برتلۆ” بوو كە گوتی: 25% نەفتی كوردی بۆ فەرانسە و ئەوی دیكەشی بۆ بەریتانیا.
واتا ڕێك دابەشكردنی سەرچاوەیەكی هەستیار بێ ئەوەی تەنانەت یەك وشەش سەبارەت بە خەڵكەكەی بگوترێت…
كە واتە چیڕۆكەكە ئاسانە:
كوردستان بەهۆی لاوازبوونی دابەش و پارچە پارچە نەكرا…. بەهۆی بەها و نرخەكەی دابەش كرا و بوو بە پارچە پارچە.
ڕەنگە تا ئێستا ڕێككەوتنی “كەدمەن-برتلۆ” بەر گوێتان نەكەوتبیت بۆیە لێرەدا بۆتان باس دەكەم .
چیڕۆكەكە وەك هەر جار سانا و ئاسانە، بەڵام زۆر قۆڵە…
دوای ئەوەی كە شەڕی یەكەمی جیهانی كۆتایی هات، زڵهێزە گەورەكانی وەك بەریتانیا و فەرانسە بە دەوری میزێكدا دانیشتن و دەستیان كرد بە دابەشكردنی ناوچەكە، ئەوەیش نەك لەسەر بنەمای نەتەوەكان… نە لەسەر بنەمای مێژووییش… بەڵكۆ لەسەر بنەمای نەفت…!
هەر لەم كەشوهەوایەدا، رێككەوتنێك بەناوی” كەدمەن-برتلۆ” دروستبوو. نوێنەری بەریتانیا “كەدمەن-Cadman” و نوێنەری فەرەنسا “برتلۆ-Berthelot” ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە نەفتی كوردیی ناوچەی موسل و كەركووك واتا دڵی كوردستان لە نێو خۆیاندا دابەش بكەن.
جا ئەمە بە واتای چی؟
واتا بەر لەوەی تەنانەت سەبارەت بە خەلكی ئەم ناوچەیە چ قسەیەكیان كردبێت، سەرچاوەكانیان فرۆشرابوو. جا لێرەدا خاڵێكی سەرەكی و گرنگ بەدی دەكرێت ئەویش:
ئەم ڕێككەوتنە تەنیا ڕێككەوتنێكی ئابووری نەبوو، بەڵكۆ رێككەوتنێكی تەواو سیاسی بوو، چونكە كاتێك نەفت دابەش دەكەی، بە كردەوە خاك و سەرزەمینەكەش كۆنترۆڵ دەكەی.
ئینجا پێتان وایە ئەنجامەكەی چی بوو؟
بەڵێ، گەلی كورد كە بۆ چەندین سەدە لەو ناوچەیەدا ژییا بوو لە هینێكا بوو بە “هیچ كەس” لە بڕیارەكاندا. واتا خاك و سەرزمینیان لە ناو لەندەن و پاریس دەستنیشانكرا، نەك لە كرمانشان و دیاربكر و سلێمانیە.
ئەمە ڕێك هەر ئەو شوێنەیە كە داگیركەریی مۆدێرن دەستی پێكرد: ” نەك بە لەشكەر كێشی و سەرباز،بەڵكۆ بە ڕێككەوتن و گرێبەست.
جا پێم باشە ئەمەشتان پێ بلێم كە چۆن چۆنی گرێبەستیكی نەفت واتا هەمان “كەدمەن-برتلۆ” نەتەوەی كوردی لە مێژوو سڕییەوە؟
ئا لێرەدا چەمكێكی زۆر گرنگ هەیە كە پێی دەگوترێت “شاردنەوە سازیی سیاسی”…
كاتێك ” كەدمەن-برتلۆ” واژوو كرا، ڕووداوێكی سەیر ڕوویدا:

  • لە هیچ شوێنێك ناوی نەتەوەی كورد نەهات.
  • نە وەك خاوەن زەوی
  • نە وەك لایەنی دانوستانكار
  • نە تەنانەت وەك كێشە و گرفتێك
    لەوانەیە پێت سەیر بێت و بڵێی ئەمە واتا چی؟!
    واتا داگیركەر سەرەتا تۆی لە دەقەكە دەسڕێتەوە، دواتر سەبارەت بە تۆ زۆر بە ئاسانی بڕیار دەدات. لە مافی نێودەوڵەتیدا، تەنیا “دەسەڵات و حكوومەتەكان” بە فەرمی دەناسرێن و چۆنكە كوردەكان و نەتەوەی كورد دەسەڵات و حكوومەتیان نەبوو، بە كردەوە هیچ مافیكیشیان بۆ نەبوو. هەر بۆیەش زۆر بە ئاسانی گوتیان:
    “ئەم خاكە پێشتر هی عوسمانیەكان بووە، ئێستاش لە نێوان خۆماندا دابەش دەكرێت. ئەویش بێ ئەوەی بپرسن: “ئەی خەڵكەكەی؟
    ئا لێرەدایە كە تێدەگەی داگیركاری تەنیا گرتنی خاك نییە… بەڵكۆ جۆرێك لە پاك كردن و سڕینەوەی نەرمیشە.

كوردی-2026