ئێران و ستراتیژیی فراوانکردنی بەرەی جەنگ
نەزهەت حالی
ئەوەی بە ڕوونی دیارە لە دوایی کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کاتێکی هەستیار کە ئەمریکا و ئێران بڕیار بوو بەردەوامی بە گفتگۆکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا شەڕی مان و نەمان دەکات.
ئێرانییەکان پەيڕەوی لە ستراتیژیەتی فراوانکردنی جەنگ دەکەن، دەیانەويت تێچوویی جەنگەکە بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل و ناوچەکە زۆر بەرز بکەنەوە، تاکو دەریچەیەک بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە بدۆزنەوە .
ئەوەی ئێرانییەکان لە جەنگی دوازدە ڕۆژە و لەم جەنگەدا سەلماندیان لە دوایی بە ئامانجگرتنی سەرکردە هەرە باڵاکانی سوپا و تەنانەت ڕێبەری باڵایان، چۆکیان نەدا و هێرشی پێچەوانەی فراوانیان ئەنجامدا. ئەوەش دەرخەری کاری دامەزراوەیی و پشت بەستن بە چەک و پیشەسازی ناوەخۆیی، بوونی عەقیدەی شۆڕشگێڕی و مەزهەبی بەهێزە، لە پاڵ پێگەیاندنی کادیر و فەرماندەی سەربازیی بە توانایە .
بەرپرسانی شۆڕشی ئسیلامی ئێران لە دوژمنایەتی کردنی ئیسڕائیل و ئەمریکا و لە پاڵپشتی کردنی پرسی گەلی فەلەستین، گەر لە دیدی خۆیان و عەقیدەی ئاینیان کارێکی گەورەیان کرد بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و دارایی و گیانییەوە زیانی زۆریان لە وڵاتی خۆیان داوە،تەنانەت مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆشیان خستۆتە مەترسییەوە.
ڕەنگە ڕێبەری ئێران وەکو زۆرێک لە ئێرانییەکان خوازیاری شەهید بوون بوو بێت، بۆ ئیسرائیلیش لەناو بردنی سەرکەوتنێکی هەواڵگری و سەربازی مەزن بێت لە ماوەی کورتخایەندا، بەڵام بە ئامانجگرتنی ڕێبەری ئێران، ڕیکەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران سەخت دەکات، هەروەها ئەو تیرۆر کردنە نەک تەنیا کۆماری ئیسلامی نەخست بەڵکو وزەیەک دەداتە شوێنکەوتوانی کە وەکو ئیمام حوسێنی سەردەم سەیری خامنەیی بکرێت و بە سەردار و ئیمامی شەهید ناوزەدی بکەن .
آیت اللە خامنەیی خۆی خاوەنی بیرۆکەی سەبری ستراتیژی بوو و لە دوایی نەمانی هەر زوو دیار بوو کە پاسدارەکان ئەو سەبرەیان نەماوە و هێرشی توندیان دەست پێ کرد.
هەرچەندە جەنگ کردن لە گەڵ ئەمریکا کارێکی ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی توانای سەربازیی و چەک و تەکنۆڵۆژیایی ئەمریکا لە دونیادا بێ وێنەیە، بەڵام وەکو دیارە لە دیدی ئێرانییەکان ئەوان لەم کاتەدا ڕێگایەکیتریان جگە لە هێرش و فراوانکردنی جەنگ لە جوغرافیایەکی فراوان لە پێشدا نەماوە.
ئەگەر ئەمریکا بڕیاری کۆتایی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نەدابێت و بیر لە تێکچوونی تەوازنی هێز لەناوچەکە بکاتەوە و بە دوایی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە بێت،ڕەنگە بتوانێت بە هۆی نێوەندگیری وڵاتێکی تری وەکو تورکیا لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام ئایا ئێرانییەکان ئەو توانایەیان هەیە وەکو
آیت اللە خومەینی بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی دووەمین جامی ژەهر بنۆشن،هەم خۆیان بپارێزن و هەم ناوچەکەش لەم جەنگە ڕزگار بکەن، لەبەر ئەوەی ئەم جەنگە جگە لە زیانی مرۆیی بۆ ئابوری جیهانیش زیانەکەی زۆرە.
ئەوەی جێگای داخە هێرشی ئێرانە بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی خەلیج و بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانە بە هیچ شێوەیەک لە داهاتوودا لە بەرژەوەندی ئێراندا نابن، لەبەر ئەوەی پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان یەکێکە لە فاکتەرەکانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی هەر وڵاتێک.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا وەکە هەمیشە جەخت لە گرنگی تەبایی ناوخۆیی ناوماڵی کوردی دەکەینەوە، هەر هەنگاوێکی سیاسیمان دەبێت مەدروس بێت و بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بێت.









