پۆشاک کلتوورێکی سروشتییە نەک فەرمانێکی ئاسمانی
ستار ئەحمەد
بەرگ بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، تەنیا ئامرازێک نەبووە بۆ داپۆشینی جەستە یان خۆپاراستن لە سەرما و گەرما، بگرە زمانێکی بێدەنگی نیشاندانی ناسنامە، کلتوور، و شێوازی پەیوەندیی مرۆڤ بووە لەگەڵ ئەو خاکەی لەسەری دەژی. کاتێک لە گۆشەنیگایەکی زانستی و مرۆڤناسییەوە سەیری پەرەسەندنی جۆراوجۆری پۆشاک دەکەین، تێدەگەین کە هیچ جۆرە جلوبەرگێک لە ئاسمانەوە وەک فەرمانێکی نەگۆڕ و ڕەها نەهاتووەتە خوارەوە، بەڵکوو زەوی و کەشوهەوا بوونەتە تاقیکردنەوەی سەرەکی بۆ داڕشتنی شێوازی بەرگ. لێرەوە، کێشەیەکی گەورە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا سەرهەڵدەدات کاتێک جۆرە جل و بەرگێکی تایبەت بە جوگرافیایەکی وشک و بیابانی، بە زۆر دەبەسترێتەوە بە پاکی و پیرۆزیی ئایینییەوە، و وا نیشان دەدرێت کە جیاوازییەکانی تر لە دەرەوەی بازنەی باوەڕ و ڕەوشتدا وەستاون.
کەشوهەوا و ژینگە یەکەمین نەخشەکێشی بەرگی مرۆڤن. لەو شوێنانەی کە خۆر بە توندی دەتسوتێنێت و لمی بیابان هەمیشە لە فڕیندایە، ژیریی مرۆڤ وای خواستووە جلێکی درێژ و پان و شل بپۆشێت کە ڕێگە بە هەوا بدات بە ئازادی لە دەوری پێستی بسووڕێتەوە و جەستە لە تیشکی بکوژ بپارێزێت. ئەمە پۆشاکێکی کلتووریی ڕەسەنی خەڵکی بیابانە، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بەر لە هاتنی پەیامە ئاسمانییەکانیش، هەر بەو شێوازە بووە. لە بەرامبەردا، لە ناوچە کوێستان و ساردەکاندا، کە کێو و تەم و باران هاوڕێی هەمیشەیی ژیانن، پۆشاک بۆ شێوازێکی تر گۆڕاوە کە توندوتۆڵ بێت، کەمەر بپارێزێت، و ڕێگە نەدات سەرما بچێتە ناو جەستەوە. شەرواڵی کوردی بەو پانایی و بەستنی پشتوێنە بەهێزەیەوە، وێنای بەرگری و ئامادەیی بەردەوامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکانی سروشت و هەڵکردن لەگەڵ ڕنووی بەفر و هەڵدێرەکاندا. ئەم دوو شێوازە هیچ کامێکیان پێشینییەکی پیرۆزییان نییە، بەڵکو هەر یەکەیان وەڵامێکی زیرەکانەن بۆ ناچارییەکانی ژینگە.
مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێت کە پێغەمبەران هەمیشە هاوشێوەی خەڵکی سەردەم و ناوچەکەی خۆیان جلیان پۆشیوە. نەکراوە پێغەمبەرێک لە ناوچەیەکی گەرمدا سەرهەڵبدات و جلێکی کوێستانی لەبەر بکات، یان بە پێچەوانەوە. کەواتە ئەو پۆشاکەی کە ئەمڕۆ هەندێک لە پیاوانی ئایینی دەیگۆڕن بۆ هێمایەکی پیرۆز و دەیکەن بە پێوەری ڕێز و باوەڕ، تەنیا ئەو بەرگەیە کە نەیارانی پەیامە ئاسمانییەکانیش لەو سەردەمەدا پۆشیویانە. بەستنەوەی دشداشە بە ئایینەوە و ناوزەدکردنی وەک پۆشاکێکی پیرۆز، نەک تەنیا کورتکردنەوەی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ ئایین، بەڵکو پشتگوێخستنی تەواوی ڕاستییە مێژووییەکانە. ئایین بۆ پاککردنەوەی ناخ و ڕەوشتی مرۆڤ هاتووە، نەک بۆ دیاریکردنی شێوازی دروومانی قوماش بەسەر نەتەوە جیاوازەکاندا.
جگە لەمە، ئەگەر لە ڕوانگەیەکی کرداری و لۆژیکییەوە لەم بابەتە بڕوانین، جلوبەرگ دەبێت یارمەتیدەری کار و تێکۆشان بێت. مرۆڤی زیندوو پێویستی بە بەرگری، جووڵە، بەرهەمهێنان و بژێوی هەیە. چۆن دەکرێت بە جلێکی درێژ و شلی وەک دشداشەوە سەرکەوتن بەسەر چیاکاندا و پاراستنی خاک مسۆگەر بکرێت…؟
مێژووی هەموو جەنگ و تێکۆشانەکانی گەلان نیشانی دەدات کە جەنگاوەران و هێزی بەرگری هەمیشە جلی توندو تۆڵ و کورتیان پۆشیوە بۆ ئەوەی لە کاتی جووڵەی خێرادا تووشی ئاستەنگ نەبن. چەکداری پارێزەری خاک پێویستی بە توندکردنی قوماشی جەستەیەتی نەک شلبوونەوەی. بەم پێیە، پۆشاکی کوردی بەهۆی توندو تۆڵی و کورت و بەستراوییەکەیەوە، باشترین نموونەی هاوسەنگییە لە نێوان جوانی و کاراییدا، کە توانای بەخشیوە بە خەڵکی ئەم نەتەوەیە لە سەختترین هەلومەرجدا کار بکەن و بەرگری لە بوونی خۆیان بکەن.
پیرۆزکردنی پۆشاکێکی بیانی و ناچارکردنی کۆمەڵگە بۆ قبووڵکردنی وەک هێمایەکی پیرۆز، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی هەیە. ئەمە جۆرێکە لە داگیرکاریی کلتووری کە هەوڵ دەدات تایبەتمەندییە نیشتمانییەکانی نەتەوەکانی تر بپوکێنێتەوە و شێوازێکی یەکپۆشی و بێ ڕەنگ بەسەر جیهاندا بسەپێنێت. کاتێک وتارخوێنێک پۆشاکێکی هاوردەکراو دەکات بە هێڵی سوور، بە بێدەنگی خەریکی سڕینەوەی مێژووی پڕ لە شانازیی پۆشاکێکی نیشتمانییە کە لە درێژایی مێژوودا هێمای پاکی، پاراستنی بەهاکان و شۆڕش بووە. پۆشاک یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی کلتوور، و پاراستنی پۆشاکی کوردی هاوشێوەی پاراستنی زمانەکەی، ئەرکێکی نیشتمانی و زانستیە. تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکە تەنیا لە پێناو کەمکردنەوەی پێگەی کلتووریی خۆماڵی و بەرزکردنەوەی ناسنامەی دەرەکییە، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی تاک و دوورخستنەوەی لە ڕەگ و مێژووی ڕاستەقینەی خۆی.
دەبێت هۆشیاریی کۆمەڵایەتیمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی کە بزانین مرۆڤەکان بە هزر و کردارەکانیان هەڵدەسەنگێندرێن، نەک بەو پۆشاکەی جوگرافیا بەسەریاندا دەسەپێنێت. جلی کوردی ناسنامەی خاکێکی ڕەسەن و سەرکەشە، و پۆشاکی عەرەبیش هێمای کلتوور و جوگرافیای خۆیەتی بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان پیرۆزتر بن لە ئەوی تر. باوەڕ و ئایین لە دڵ و پاکیی ڕەوشتدا دەژین، نەک لە درێژی و کورتیی قوماشێک کە بۆ پاراستنی جەستە دروستکراوە. ڕێزگرتن لە ناسنامەی کلتووریی خۆمان و ڕێگری لە سڕینەوەی بە ناوی پیرۆزییەوە، هەنگاوی یەکەمە بەرەو بونیادنانی کایەیەکی نوێ کە تێیدا پێویستە مرۆڤی هۆشیار و خاوەن ناسنامە، ڕەگی لە جەرگی خاک و مێژووی خۆیدا بچەسپێنێت و بە بیرێکی کراوە و بڕوایەکی پتەوەوە بەرەو ئاسۆ گەشەکانی سبەی هەنگاو بنێت.









