ڕۆژئاوا و داهێنانی مێژوویەکی درۆینە


ستار ئەحمەد

​لەم جیهانە پان و بەرینەدا هیچ شتێک بە ڕێکەوت ڕووی نەداوە و ئەوەی ئەمڕۆ وەک مێژوویەکی چەسپاو و پیرۆز دەرخواردی نەوەکانی ئێمە دەدرێت، تەنها دەستکردێکی ژێردەستانە و نەخشەیەکی وردی داڕێژراوی ناوەندە تاریکەکانی ڕۆژئاوایە. ئەوان چەندین سەدەیە خەریکی شێواندنی ناسنامە و گۆڕینی ڕاستی و چەواشەکردنی ژیریی مرۆڤایەتین بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینەی ئەم خاکە کە کوردستانە و لانکەی هەموو پێغەمبەران و فەلسەفە و زمانەکان بووە، لە بیر بچێتەوە. ڕۆژئاوا و داگیرکەران زۆر چاک لەوە گەیشتبوون کە هێزی کورد لە زمانی کوردیدایە، چونکە ئەم زمانە تەنها ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکو کۆگای مێژوو و ناسنامەی مرۆڤایەتییە. بۆیە پێش ئەوەی بەخاچ و هێڵی نەخشە خاکەکەمان دابەش بکەن، هاتن زمانەکەمانیان دابەش و بەش بەش کرد. ئەوان وشە هەرە بەهێز و پڕ مانا و ئاسمانییەکانی زمانی کوردییان لێدزین و وەک وشەی نامۆ لە ناو زمان و ئایینەکانی تردا دابەشیان کرد، تا وای لێبێت کورد بۆ ناسینی خودا و مێژووی خۆی، پەنا بباتە بەر زمانی بێگانە.
​کاتێک وشە ڕەسەنەکانی وەک “بکە” و “مەکە” و “گۆد” و “جود”یان لێ دزین و لە فەرهەنگێکی تردا دایانڕشتەوە، لە ڕاستیدا کورد بوو بە خاوەن زمانێکی نیوەچڵ کە چیتر نەیتوانی بە تەواوی مێژووی خۆی بخوێنێتەوە. ئەم دابەشکردنی زمانە، مرۆڤی کوردی لە ناوەوەدا شکاند و وای لێکرد وا هەست بکات کە زمانەکەی بۆ زانست و پیرۆزی نابێت؛ ئەمەش بوو بە بناغەی ئەوەی کە دواتر خاکەکەشی بە ئاسانی دابەش بکەن. ڕۆژئاوا بەو تێگەیشتنە قووڵەی بۆ هێزی زمان و جوگرافیا هەیبوو، زۆر چاک دەیزانی کە ئەگەر کورد لەسەر ڕاستییە ئەزەلییەکانی خۆی بمێنێتەوە و بزانێت کە ناوی خودا و پەیامی ئاسمان و ناوی شوێنە پیرۆزەکان هەمووی لە زمانی دایکی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوا هیچ هێزێک ناتوانێت کۆت و زنجیری بکات. بۆیە هاتن و بە تێکەڵکردنی مێژوویەکی ساختە و برەودان بە چیرۆک گەلێک کە چەقەکەیان لە بیابانە بێ ئاو و بێ درەختەکاندا چاند، مێشکی مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێکی تر برد.
​لایەنێکی تری ئەم پلانە گەورەیە، دابڕانی مرۆڤی کورد بوو لەو سروشتە ئەفسووناوییەی کە سەرچاوەی هێزەکەی بوو. ڕۆژئاوا بە داڕشتنی سیستەمێکی ئابووریی تێکدەر، کوردی لە چیا و کێڵگە و بەرهەمە سروشتییەکان دوور خستەوە و وای لێکرد ڕوو بکاتە شار و ببێتە بەکارهێنەری ئەو هەتوان و کاڵا کیمیاییە ستۆکانەی کە ئەوان بە مەبەست بۆ بێهێزکردنی جەستەی ئێمە بەرهەمیان دەهێنا. ئەوان دەیزانی کە مرۆڤێک بە نان و هەنگوین و گژوگیای زاگرۆس پەروەردە بێت، خاوەن بڕوایەکی پۆڵایینە، بۆیە ژیانی ئێمەیان پڕ کرد لە دووکەڵ و ژەهر تا هۆشیاریی نەتەوەییمان تەمومژاوی بێت. هاوکات، مێژوونووسەکانی ڕۆژئاوا هەموو ئەو شارستانییە کۆنانەی وەک سۆمەری و ماد و گوتی و میتانی کە ڕەگیان لەم خاکەدایە، بە جۆرێک شێواند و ناویانیان لێگۆڕین تا هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردی ئێستاوە نەمێنێت، لە کاتێکدا هەموو بەڵگەکان هاوار دەکەن کە ئێمە پاشماوەی ڕاستەقینەی ئەو ڕابردووە پڕ لە شکۆیەین.
​ئەوان وایان کرد کە نەوەکانی ئێمە وا هەست بکەن کە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی زمانێکی سەربەخۆن، لە کاتێکدا هەموو ئەو وشانەی پەیوەندییان بە ژیان و گەردوونەوە هەیە وەک ئەستێرە، مانگ، کچ، دایک و هەنگوین، ڕاستەوخۆ لە ڕەگی زمانی کوردییەوە چوونەتە ناو فەرهەنگی ئەوان. ئەم مێژووە نوێیەی کە ئەوان دروستیان کرد تەنها لە کتێبەکاندا نەبوو، بەڵکو هاتنە ناو ژیانی ڕۆژانەشمان و جەستە و گیانی مرۆڤی کوردیان لاواز کرد تا هەمیشە کورد ماندوو بێت و نەپەرژێتە سەر ئەوەی لێێ ورد ببێتەوە کە بۆچی هەموو نیشانە پیرۆزەکان لەم ناوچەیەن و چۆن زەردەشت وەک یەکەم مامۆستای مرۆڤایەتی و یەکتاپەرستی، ڕێگەی ڕاستی نیشان دا.
​کاتی ئەوە هاتووە کە مرۆڤی کورد بە چاوێکی تر سەیری ئەو مێژووە بکات کە ڕۆژئاوا بۆی نووسیوەتەوە و تێبگات کە هەموو ئەو زنجیرە وشە و ناوانەی بە پیرۆز دەزانرێن، کۆدگەلێکی کوردین و نیشانەی ئەوەن کە ئەم خاکە چەقی جیهانە و هەموو ئەوانی تر تەنها لقی ئەو دارە گەورەیەن کە ڕەگەکەی لە زاگرۆس و جودییە. هەر کاتێک کورد توانی ئەو مێژووە ساختەیە فڕێ بدات و بگەڕێتەوە سەر ڕاستی و ئازایەتی و چالاکیی خۆی، ئەوا جارێکی تر دەبێتەوە بە پێشەنگی مرۆڤایەتی و ئەو هەتوانە ڕاستەقینەیەی کە هۆشیاری و ناسینی خودە، دەدۆزێتەوە و لەو مێژووە درۆینەیەی کە بۆی دروست کراوە، ڕزگاری دەبێت.