(نەڕەی شێر) یان گەردەلوولی گۆڕان؟جەنگی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لوقمان عوسمان گە ڵاڵی
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی مێژووییە. دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر) لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران، وێنای جەنگێک دەکات کە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: لەم قۆناغە دا چارەنووسی وڵاتانی ناوچەکە و کورد چی دەبێت؟
٭ بەرەی جەنگ: ئاسمانێکی سوور و زەوییەکی لەرزۆک
بەپێی ئە و زانیارییە سەربازییانەی باس دەکرێن، هێرشەکان تەنها بنکە سەربازییەکان ناگرنەوە، بەڵکو دەگەنە جەرگەی تاران و شارە ستراتیژییەکانی وەک:
بۆردومانی چڕ: کرماشان، ئیلام، و کامیاران وەک ناوچە سنوورییەکان لە ژێر هەڕەشەی جددیدان.
ئامانجە سیاسییەکان: باس لە بە ئامانجگرتنی ناوەندە بڕیاربەدەستەکان دەکرێت لە تاران (وەک مەجلیس و وەزارەتی ئیتلاعات).
٭ کاردانەوەی ئێران: تاران بێدەنگ نابێت؛ مووشەکە بالیستیکەکان ڕوو لە بنکەکانی ئەمریکا دەکەن لە (قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرەین)، ئەمەش تەواوی کەنداو دەخاتە ناو بازنەی ئاگرەوە.
٭ لێکەوتەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشێت، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەونە ناوەڕاستی بەرداشی دوو هێزی گەورە:
٭ داخرانی ئاسمان: وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و پەککەوتنی بازرگانی.
٭ مەترسی مووشەکی: ئەگەری هەیە ئێران خاک و ئاسمانی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ وەڵامدانەوە بەکاربهێنێت، یان بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم بکرێنە ئامانج.
٭ کۆچی بەکۆمەڵ: شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت.
٭ ئایا ڕژێم دەگۆڕێت؟
هەرچەندە بەشێک لە خەڵکی ناوخۆی ئێران بەهۆی نارەزایەتییەکانەوە ڕەنگە خۆشحاڵی دەرببڕن، بەڵام گۆڕانکاری ڕژێم تەنها بە بۆردومان نابێت.
٭ جەنگ دەبێتە هۆی:
٭ داڕمانی ژێرخانی ئابووری و سیستەمی بانکی.
٭ پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان .
٭ دروستبوونی بۆشایی ئەمنی کە ڕەنگە هێزە ناوخۆییەکان بۆ گۆڕانکاری بەکاریبهێنن.
٭ کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟
کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە هەستیارترین قۆناغدایە. لە لایەکەوە ناوچە کوردییەکان (ڕۆژهەڵات) دەبنە مەیدانی سەرەکی پێکدادان، لە لایەکی ترەوە ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە (هەلێکی مێژوویی) بۆ ئەوەی کورد وەک ئەکتەرێکی سیاسی و سەربازی لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ئێراندا دەور ببینێت، بەو مەرجەی ناوماڵی خۆی ڕێکبخات.









