نوری مالیکی:عێراق ئامادەیە بەرگری لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بکات
نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەسەر ئامادەیی عێراق کردەوە بۆ پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، مالیکی پێشوازی کردووە لە “ڤیکتۆریا تایلۆر” جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. لە دیدارەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق کراوە.
مالیکی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق و ئەمریکا پەیوەندییەکی بەھێزیان ھەیە و “ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی” لە نێوانیاندا ھەیە کە ئامانجی بەھێزکردنی ھاوکارییەکان و پاڵپشتیکردنی تواناکانی عێراقە لە بوارە جیاوازەکاندا؛ ھەروەھا داوای کاراکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کرد لە داھاتوویەکی نزیکدا.
جەختی کردەوە عێراق ئامادەیە بەرگری لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بکات.
وتیشی: “تێگەیشتنی ئێمە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی بەردەوامبوونی ھاوبەشییە ئابوورییەکانەوە دێت بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی ھەردوو گەلی دۆست.”
مالیکی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پەیڕەوی لە سیاستێکی ھاوسەنگ دەکات لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچەکەدا.
ڕایگەیاند کە گفتوگۆی ھێزە نیشتمانییەکان ئامانجی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانە بۆ پێکھێنانی حکوومەتێک کە بتوانێت پێداویستییەکانی گەلی عێراق دابین بکات.
لای خۆیەوە، ڤیکتۆریا تایلۆر جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی میحوەرەی عێراق لە ناوچەکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لایەنێکی کاریگەرە لە ھەوڵەکانی گەڕانەوەی سەقامگیری و بەھێزکردنی ئاسایشی ناوچەیی.









