مێژووی کورد و ئاییندەیەکی شاراوە
ستار ئەحمەد
مێژووی کورد تەنها زنجیرەیەک لە بەسەرهاتی کۆن و گێڕانەوەی داستانیی و قارەمانێتی نییە، بەڵکو تاقیگەیەکی سیاسیی بەردەوامە لەناو جەرگەی ناوچەیەکدا کە هەمیشە لەسەر گڕکانێک بووە. ئەگەر مێژوو وەک ئاوێنەیەک بێت بۆ بینینی داهاتوو، ئەوا تێگەیشتن لەو وەرچەرخانە توند و پڕ لە هەوراز و نشێوانەی بەسەر ئەم نەتەوەیەدا هاتوون، دەبێتە تاکە دەرووی تێگەیشتن لەو ئاییندە شاراوەیەی کە لەناو تەمومژی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا چاوەڕێی پێگەی کورد دەکات.
کێشەی سیاسیی کورد لە سەدەی ڕابردوودا لەو خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەوە دەستی پێکرد کە بەرژەوەندییە داگیرکاریی و دەسەڵاتخوازەکان ڕێک کەوتن لەسەر دابەشکردنی میراتی ناوچەکە؛ لەوێدا بوو کە پەیماننامەکان لەبری ئەوەی ببنە بنەمایەک بۆ دادپەروەری، بوونە بەربەست لەبەردەم خەونە نەتەوەییەکان و کورد لە چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکاندا وەک نەتەوەیەکی پەراوێزخراو وێنا کرایەوە. ئەم ستەمە مێژووییە تەنها گۆڕینی نەخشەی جوگرافی نەبوو، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی دوورودرێژ بوو لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و نکوڵیکردنی سیاسی کە برینەکانی تا ئەمڕۆش دیارن.
لە ئێستادا و لەناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، پێگەی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. کورد لە ئەکتەرێکی پەراوێز خراوەوە بووەتە کاراکتەرێکی کاریگەر لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا. بەڵام ئەم پێگەیە ، دژایەتییەکی ناوەکیی گەورەی تێدایە؛ کورد هەمیشە لە کاتی قەیرانەکاندا دەبێتە جێی بایەخ، بەڵام لە کاتی دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا دەخرێتە پشت پەردە. کلیلی ئەم کێشەیە لە نەخشەڕێیەکی دوورمەودای ناوخۆییدایە کە ئابووری بکاتە چەقی هێز.
ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە ڕووبەڕووی ئاییندەی کورد دەبنەوە، پێش هەر شتێک پەیوەستن بە ژێرخانی داراییەوە. مێژوو فێری کردووین کە هاوپەیمانییەکان لەسەر بنەمای ڕەوشت نین، بەڵکو لەسەر بەرژەوەندیی ئابووریین. وڵاتێک کە خاوەنی ئابوورییەکی بەکاربەر بێت و بژێوی لە دەستی دەرەوەدا بێت، ناتوانێت بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ بدات. بۆیە ئاییندە تەنها بە چیاکان ناپارێزرێت، بەڵکو بە بونیادنانی سیستەمێکی بانکیی بەهێز، پیشەسازییەکی نیشتمانی و کشتوکاڵێکی پێشکەوتوو دەپارێزرێت کە کورد لە پاشکۆیەتیی بازاڕی وڵاتانی دراوسێ ڕزگار بکات.
بۆ ئەوەی مێژوو وەک کارەساتێکی نوێ خۆی دووبارە نەکاتەوە، پێویستمان بە ئەقڵانییەتێکی سیاسی هەیە کە ئابووری وەک هێزی نەرم بەکاربهێنێت. بونیادنانی ژێرخانێکی سەربەخۆ، زامنی ئەوەیە کە کورد لەبری ئەوەی تەنها بابەتێکی ناو وتووێژەکان بێت، ببێتە خاوەن بڕیار لەسەر مێزی گفتوگۆکان. کلیلی گۆڕینی ئەم ئاییندە شاراوەیە بۆ واقیعێکی گەشاوە، لە ناوەوەی خواستی نەتەوەیی و یەکخستنی ماڵی کوردی و بەهێزکردنی بازاڕی ناوخۆدایە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت مێژوو لە کۆتی شکستی سیاسی دەربهێنرێت و بکرێتە سەرەتایەک بۆ سەردەمێکی نوێ لە سەربەخۆیی و شکۆمەندی.









