ئافرەت لە دیدگای مەسرور بارزانیدا؛ لە دروشمەوە بۆ کرداری حکومڕانی

لیا سەیفەدین

کاتێک باس لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەکەین، یەکێک لەو سێکتەرانەی کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی و دیدگایەکی نوێی پێوە دیارە، پرسی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەی ئەوانە لە کۆمەڵگەدا. مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، ئافرەتی وەک “خاوەن ماڵ” و “هاوبەشی ڕاستەقینە” ناساند، نەک تەنها وەک ژمارەیەک بۆ تەواوکردنی ڕێژە جێندەرییەکان.
بەڕێز مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەمدا، پرسی ئافرەتی لە قاڵبی “قوربانی یان کەمینە” دەرهێنا و وەک “هێزێکی کارا” مامەڵەی لەگەڵ کرد. ئەو بڕوای وایە کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست تەنها کاتێک دروست دەبێت کە ئافرەت تێیدا بڕیاردەر و پارێزراو بێت. ئەم هەنگاوانە، هەرچەندە ڕەنگە هێشتا ڕێگەی زۆریان مابێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بەڵام ئەم هەنگاوانە بناغەیەکی بەهێزیان بۆ نەوەکانی داهاتووی کچانی ئەم نیشتمانە داناوە.

_بوێری لە سپاردنی بەرپرسیارییەتییە قورسەکان
ئەوەی لەم کابینەیەدا سەرنجی چاودێرانی ڕاکێشا، تەنها زیادکردنی ڕێژەی ئافرەتان نەبوو لە ناوەندەکانی بڕیار، بەڵکو جۆری ئەو پۆستانە بوو کە پێیان سپێردرا. کاتێک وەزارەتە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەک “کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو” یان “کار و کاروباری کۆمەڵایەتی” و پۆستی باڵای دیپلۆماسی و کارگێڕی بە ئافرەتان دەسپێردرێن، ئەوە پەیامێکی ڕوونە: حکومەت بڕوای تەواوی بە توانای بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ئافرەت هەیە لە کایە هەرە ئاڵۆزەکاندا. ئەم هەنگاوە شکاندنی ئەو دیوارە تەقلیدییە بوو کە پۆستە باڵاکانی تەنها لە ڕەگەزێکدا کورت دەکردەوە.

_یاسا وەک قەڵغان، نەک تەنها دەق
لە ڕووی پاراستنی مافەکانەوە، کابینەی نۆیەم تەنها بە دروشم نەوەستا مەسرور بارزانی لە چەندین بۆنەدا بە توندی جەختی کردەوە کە “هیچ شەرەفێک لە کوشتنی ئافرەتاندا نییە” ئەمە تەنها دەربڕینێکی سۆزداری نەبوو، بەڵکو وەرگێڕدرا بۆ توندکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ڕادەستکردنی بکوژان بە دادگا، بێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکییان کاراکردنی هێڵی گەرمی ١١٩ و پشتگیریکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، وایکرد ئافرەتان هەست بکەن کە لە کاتی مەترسیدا دەسەڵاتێکی یاسایی هەیە پارێزگارییان لێ بکات و چیتر بێدەنگی تەنها بژاردە نییە.

_سەربەخۆیی ئابووری؛ کلیلە ڕاستەقینەکە
سەرۆکی حکومەت باش لەوە تێگەیشتووە کە ئازادیی ئافرەت بەبێ سەربەخۆیی ئابووری دەستەبەر نابێت هەر بۆیە لەم کابینەیەدا، کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئافرەتانی خاوەنکار و پڕۆژە بچووکەکان کرا لە یاسای نوێی کاردا، مافەکانی ئافرەت لە کەرتی تایبەتدا پارێزراوتر کران، بەتایبەت لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و پاراستنی مافی دایکایەتی. ئەمە هاندرەرێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی ئافرەتی کورد تەنها چاوی لە مووچەی حکومی نەبێت، بەڵکو ببێتە کارمەند و خاوەنکاری سەرکەوتوو لە بازاڕدا.