ئارامیی دەروون و ڕاستیی ناخ

ئارامیی دەروون و ڕاستیی ناخ
​ئەمیرە ئەنوەر
​دڵت ماندوو مەکە بەوەی چاوەڕێ بکەیت خەڵک لە ڕاستیی ناخت تێبگەن؛ چونکە هەرچەندە ڕوونی بکەیتەوە، ئەوان تەنها ئەوە دەبینن کە عەقڵیان بڕی پێ دەدات و تەنها ئەوەش دەبیستن کە لەگەڵ ویستی دڵیاندا دەگونجێت. لەوانەیە تۆ بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە بدوێیت، کەچی ئەوان بە درۆزن تۆمەتبارت بکەن؛ ڕەنگە نیەتت زۆر پاک بێت، بەڵام ئەوان گومانی خراپت پێ ببەن.
​ئەوەی پەردەیەک لەسەر دڵی بێت، هەرگیز پاکیی ناخت نابینێت، بەڵام مرۆڤی خاوەن دڵێکی بێگەرد، بەبێ پێویستی بە پاساو و ڕوونکردنەوە لە تۆ تێدەگات. بزانە کە بەرگریکردنی زۆر لە خۆت، لاوازت دەکات و زیادەڕۆیی لە ڕوونکردنەوەش، لە بەها و قەدرت کەمدەکاتەوە. وازبێنە با کردەوەکانت لە جیاتی تۆ بدوێن و لێگەڕێ با کات خۆی ڕاستییەکان ئاشکرا بکات؛ چونکە ڕۆژگار هەرگیز درۆزن بە داپۆشراوی ناهێڵێتەوە و ڕاستگۆش هەرچەندە کات بخایەنێت، هەرگیز ناشاردرێتەوە.
​هیچ کات دڵت بە چەپڵەڕێزانی خەڵکەوە گرێ مەدە و بە ڕەخنەکانیشیان دڵتەنگ مەبە؛ ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵتن، لەوانەیە بەیانی لە دژت بن. کەواتە نیەتت پاک بکەرەوە و بە هەنگاوی جێگیر لە ڕێگەکەت بەردەوام بە. ژیان زۆر کورتترە لەوەی بەفیڕۆی بدەیت بۆ ڕوونکردنەوەی نیەتەکانت بۆ کەسێک کە نایەوێت تێبگات.